کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجامدەری هەوڵی تێرۆرکردنی سەلمان ڕۆشدی بە پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتبار کرا

12:06 - 4 گەلاوێژ 2724

ئەو هێرشبەرەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە چەقۆ هێرشی کردە سەر سەلمان ڕۆشدی نووسەری بەناوبانگی ئەمریکایی-بریتانیایی، بەپێی ئەو تۆمەتەی کە پێشکەش بە دادگایەکی ئامریکا کراوە بە کردەوەی تێرۆریستی و پەیوەندی لەگەڵ گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتبار کراوە.

تۆمەتی داواکارانی گشتی کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی پووشپەڕ لە دادگای ناوچەی بووفالۆ تۆماریان کردووە، هادی مەتاری تەمەن ٢٦ ساڵی بە پاڵپشتیی دارایی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتبار کردووە.

لە ڕاگەیاندنی ئەم تاوانەدا باس لەوە نەکراوە کە چ بەڵگەنامەیەک سەبارەت بەم پەیوەندییە هەیە. هەروەها لەو تۆمەتەدا هێرشبەرەکە بە تێرۆریزمی دەرەوەی سنوورەکان و پاڵپشتی دارایی بۆ تێرۆریستان تۆمەتبار کراوە.

ئەم تۆمەتانەی کە لە دادگای فێدراڵ خراونەتە پاڵ هادی مەتار دوای ئەوە بوو کە مانگی ڕابردوو ناوبراو لە دادگایەکی دیکەدا ئامادە نەبوو دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و لەو دادگایەدا بە دەستدرێژی و هەوڵی کوشتن تۆمەتبار کرا.

لە ئێستادا تۆمەتەکانی هێرشبەری سەر سەلمان ڕۆشدی بە جیا لە دوو دادگادا دەخرێنە ڕوو و دادگایی دەکرێت.

سەلمان ڕۆشدی نووسەری کتیبی ''ئایاتی شەیتانی'' کە ساڵی ڕابروو دەیهەویست لە ناوەندێکی فێرکاری لە نیۆیۆرک لێدوان بدات، لەلایەن هادی مەتارەوە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و بە توندی بریندار بوو و بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوو و بەهۆیەوە چاوێکی لەدەست دا و دەستێکیشی لە کار کەوت.

سەلمان ڕۆشدی لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠ی زایینی بەهۆی نووسینی کتێبی ''ئایاتی شەیتانی''، لەلایەن خومەینی ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی کوشتنی بۆ دەر کرا و لەو کاتەوە بە شێوەی شاراوە ژیانی دەکرد.