کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بۆ زیندانی قووچان گوازرایەوە

12:09 - 4 گەلاوێژ 2724

عەلی ئادینەزادە باوکی "ئەبولفەزل ئادینەزادە"، یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینی شۆڕشی ژینا، لە شاری قووچان سەر بە خوراسانی ڕەزەوی، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندینخانە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ، عەلی ئادینەزادە، یەکێک لە بنەماڵەی شەهیدان، دوای بانگهێشتکردنی بۆ لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە قووچان، دەسبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لەو شارە گواسترایەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەلی ئادینەزادە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئاگادارییەکدا بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر تۆمەتەکانی " بڵاوکردنەوە بە مەبەستی تێکدانی عەقڵی گشتی" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگ کراوە.

هەروەها مەرزیە ئادینەزادە خوشکی شەهید ئەبولفەزل ئادینەزادە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی باوکم دەسبەسەر کراوە و بۆ زیندانی قووچان گوازراوەتەوە.

پێشتریش لە ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢دا ئەم باوکە شەهیدە لەگەڵ برا و کچەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە لە بەندینخانە ئازاد کران.

شایانی باسە، ئەبولفەزل ئادینەزادە تەمەن ١٧ ساڵ لە کاتی شۆڕشی ژینا لە مەشهەد بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدانی زیاتر لە ٧٠ ساچمە شەهید بوو.