کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو یەکیەتیی کرێکاری لە ئیسپانیا و فەرانسە بەشدارییان لە هەڵمەتی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتی دژی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی کرد

12:12 - 4 گەلاوێژ 2724

دوابەدوای حوکمی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی، چالاکوانی کرێکاریی بەندکراو لە زیندانی لاکان لە ڕەشت، "کۆمیسیۆنەکانی کرێکاری ئیسپانیا" و "یەکیەتی نیشتمانیی سەندیکاکانی کرێکاری فەڕانسە'' ڕایانگەیاند کە بەشداری لە هەڵمەتی نێودەوڵەتی دژی سزای لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کۆمیسیۆنەکانی کرێکاری لە ئیسپانیا، ئەم یەکیەتییە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران لە ئیسپانیا نیگەرانی و ترسی خۆیان بۆ گیانی شەریفە محەممەدی دەردەبڕن.

یەکیەتی کرێکاریی ئیسپانیا داوای لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە مەدرید کرد کە بەرپرسانی ئەو حکوومەتە لە زەروورەتی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم چالاکوانە کرێکارییەی ئێران ئاگادار بکاتەوە.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا یەکیەتییەکان و سەندیکاکانی کرێکاری لە ژمارەیەک وڵاتی جیهان لەوانە ئیتالیا، فەڕانسە، دانمارک، ئوسترالیا و کانادا، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدییان شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی ئەو و چالاکوانانی بەندکراوی دیکەی کرد.

هەروەها، جگە لەوەش ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لەم حوکمەی دەزگای قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گرتووە.

هاوکات بەشداربووانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە چەند شاری ئێران یان دەرەوەی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی حوکمی لەسێدارەدانی خاتوو محەممەدی خوازیاری ئازادکردنی بێمەرج بوون.

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە پێشتر دەسبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی لاکانی ڕەشت دەسبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.