لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "ئیسماعیل کەریمی" و دوابەدوای هێرشی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، لانیکەم ٥ چالاکی مەدەنی دەسبەسەر کران و دەیان کەسی دیکەش لێیان درا.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ، لە ڕێوڕەسمی پرسەی "ئیسماعیل کەریمی"، چالاکی ژینگەپارێزی شاری کامیاران، ٥ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی کامیاران و پاوە دەسبەسەر و دەیان کەسی دیکەش لێیان درا و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرت.
ئاژانسی کوردپا بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٥٠ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شارەکانی کامێران، پاوە، جوانڕۆ، سنە و دێولان بە هۆی هێرشی چەکداریی هێزەکانی ڕێژیم لە دوای ڕێوڕەسمی پرسەی چالاکوانان کراونەتە ئامانج کە ٥ کەسیان ناویان " ئامانج قوربانی"، "ئەمیر نەدیمی" و "فەرزین موەفەقی" خەڵکی کامێران و "حەمید سەبزی" و "فەریدە وەیسی" خەڵکی شاری پاوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کامێران گواسترانەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سەدان کەس لە هێزەکانی لیباس شەخسی، هێزی ئینتزامی و هێزی تایبەت بە چەکی کڵاشینکۆف و کۆڵت بە توندوتیژی هێرشیان کردە سەر چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی.
لەم هێرشەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە ئەم فەرمانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە کامێرانەوە دەرچووە.
شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ، "ئیسماعیل کەریمی" چالاکی ژینگەپارێزیی تەمەن ٣٧ ساڵ خەڵکی گوندی ''نەجەف ئاوا'' سەر بە شاری کامێران کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کانیشە تووشی سووتانێکی سەخت بوو، بە هۆی قووڵیی برینەکەی گیانی لەدەست دا.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکوانی ژینگەپارێزی، بە دروشمی "شەهید نامرێ" و "کاک ئیسماعیل پاڵەوانە، شەهیدی کوردستانە" بە ئامادەبوونی هەزاران کەسی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە گوندی نەجەف ئاوا لە کامێران بەڕێوە چوو.