کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شەڕی شارستانییەتەکان نییە بەڵکوو شەڕی شارستانییەتە لەگەڵ دڕندەییە

22:05 - 4 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ چوارەمین جار و زیاتر لە هەر سەرۆکێکی دیکەی وڵاتانی دیکە لە مێژوودا و لە بارودۆخێکی تایبەتدا لە کۆنگرەی ئەمریکا قسەی کرد.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەر لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: "هەنووکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەرەی تێرۆریزمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی عەرەبمان بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەمە شەڕی شارستانییەتەکان نییە بەڵکوو شەڕی شارستانییەتە لەگەڵ دڕندەییە".

بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئێران لە پشتی گشت هەوڵە تێرۆریستییەکانە کە ڕوو ئەدات.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا بە ئاماژەدان بە قسەی خومەینی لەکاتی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی کە بڕیاری دابوو ئینقلابی ئیسلامی هەناردەی هەموو جیهان بکات ڕایگەیاند کە تەنیا وڵاتێک لەهەمبەر ئیسلامی ڕادیکاڵی ئێران لە جیهاندا ڕاوەستاوە ئەمریکایە و هەر بۆیە کە کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا بە گەورەترین دوژمنی خۆی دەزانێت.

بێنیامین نێتانیاهوو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە حیزبوڵڵای لوبنان کە لە کاتی دەسپێکی شەڕی غەززە ڕایگەیاندبوو کە ئەمە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل نییە و بەڵکوو شەڕ لەگەڵ ئەمریکایە وتی: "ڕێژیمی ئێران هەر لەکاتی دامەزراندنیەوە لەگەڵ ئەمریکادا لە شەڕدا بووە بەڵام ڕێبەرانی ئێران ئەوە دەزانن کە بۆ شکستدانی ئەمریکا دەبێت سەرەتا دەست بە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرێت و ئەوە لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە ئەنجام ئەدات بەڵام ئیسرائیل لەهەمبەر ئەم هەوڵەی تاران ڕاوەستاوە".

ناوبراو بە پشتبەستن بەم قسانە زیادی کرد، لەکاتێکدا ئیسرائیل لەگەڵ حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان شەڕ دەکات لەڕاستیدا خەریکە لەگەڵ ئێراندا شەڕ دەکات و کاتێکیش لەگەڵ ئێراندا شەڕ دەکات بەمانای ئەوەیە کە لەگەڵ ڕادیکاڵترین و بکوژترین دوژمنی ئەمریکادا شەڕ دەکات هەر بۆیە ئیسرائیل نە تەنیا خۆی دەپارێزێت بەڵکوو سەرەتا لەحاڵی پاراستنی ئەمریکادایە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرشی چەکدارانی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل و کوشتنی ١٢٠٠ کەس و بە بارمتەگرتنی ٢٥٠ کەسی دیکە ڕایگەیاند کە تا ئازادکردنی هەموو ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژێر دەستی حەماسدان ئاسوودە نابێت و ڕاناوەستێت.

نێتانیاهوو سەبارەت بە خۆپیشاندەرانی دەرەوەی کۆنگرە کە بە دژی شەڕی غەززە دروشمیان ئەدا وتی: "ئەوانە بڕیاریان داوە کە لە پشتی ئەو تێرۆریستانە بووەستن کە ژنان لە سەر شەقامەکان ئەکوژن تەنیا بە هۆی ئەوەی کە سەرپۆشیان لەسەر نییە و لە ڕاستیدا ئەوانە بوونەتە گەمژەی دەستی کۆماری ئیسلامی".

ناوبراو لەم پێوەندییەدا زیادی کرد کە ئیسرائیل لە غەززە تەنیا لەگەڵ حەماسدا شەڕ دەکات و پشتیوانیی لە خەڵکی مەدەنیی فەلەستین کردووە و پێشوەختە لە شوێنە مەترسیدارەکان دووریانی خستووەتەوە بەڵام حەماس ژنان و منداڵانی غەززەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار بردووە و تەنانەت تەقەی لەو کەسانە کردووە کە ویستوویانە لە شوێنی تێکهەڵچوونەکان دوور بکەونەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتاییدا و لەکاتێکدا بە دەیان جار لەلایەن نوێنەرانی ئەمریکاوە چەپڵە بۆ قسەکانی لێ درا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە تەنیا ئەمەتان لەبیر بمێنێت کە دوژمنانی ئێمە دوژمنانی ئێوەن و شەڕی ئێمە شەڕی ئێوەیشە و لەهەمان کاتیشدا سەرکەوتنمان یەک سەرکەوتنە.