کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ داخرانی چەند بنكەیەكی سیخوڕیی كۆماری ئیسلامی ئێران

22:07 - 4 گەلاوێژ 2724

ناوەندی ئیسلامیی شاری هامبۆرگ و ٥٤ لقی ئەو ناوەندە لە ٩ ئەیالەتی وڵاتی ئاڵمان داخران.

ئەم ناوەندە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی دامەزراوە و سەید محەممەد خاتەمی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە بووە.

 ناوەندی ئیسلامیی شاری هامبۆرگ و لقەکانی لە وڵاتی ئاڵمان بە  تاوانی پشتگیری لە حیزبوڵڵای لوبنان چالاکی دژی یاسای گشتیی وڵاتی ئاڵمان و پەرەپێدانی توندڕەوی و توندوتیژی دژی یەهوودییەکان داخراوە.

کۆماری ئیسلامی ئەم ناوەندەی بۆ پەرەپێدانی ئیدۆئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەرانی دینیی ئەو ڕێژیمە بەکارهێناوە .

پۆلیسی شاری هامبۆرگ ساڵی ڕابردوو لە سندووقێکی ئاسنینی یەک تۆنیدا بڕی ٤٠٠ هەزار یۆرۆی لەو ناوەندەدا دۆزیەوە.

سەرۆکی شارەوانیی شاری هامبۆرگ ڕایگەیاند ئەو ڕووداوە سەلماندی کۆماری ئیسلامیی ئێران چیتر ناتوانێ دژی یاسای گشتیی وڵاتی ئاڵمان چالاکی نەرێنی بکات.

حیزب و لایەنە سیاسییەکانی وڵاتی ئاڵمان ئەو کارەیان بە ئەرێنی لە قەڵەم دا و زۆربەیان خۆشحاڵی خۆیان لەو بڕیارە دەربڕی.