کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا، کانادا و نیووزلەند خوازیاری کۆتاییهێنان بە کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی تاران بوون

11:31 - 6 گەلاوێژ 2724

ئوسترالیا، کانادا و نیووزلەند لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد دەست لە کردەوەی ناسەقامگیری زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبگرێت و کۆتایی بە هێرشەکانی گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

ئەم سێ وڵاتە نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە دوورەدیمەنی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە دەربڕی و هێرشی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل لە ٢٥ی خاکەلێوە مەحکووم کرد.

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا و کانادا و نیووزلەند دۆخی غەززەیان بە کارەساتبار ڕاگەیاند و سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئاگربەستی دەستبەجێ ڕایانگەیاند، ئازارە مرۆییەکانی خەڵکی غەززە جێگەی قبووڵکردن نییە.

سەرۆکوەزیرانی ئەو سێ وڵاتە بە واژۆکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە لەهەمبەر مەترسیی پەرەپێدانی شەڕ لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هۆشدارییان دا.

لەم بەیاننامەیەدا هەر سێ وڵات، حەماسیان بەهۆی تاوانەکانی ١٥ی ڕەزبەر و کردەوە تێرۆریستییەکانی مەحکووم کردووە و بە جەختکردنەوە لەوەی کە هیچ ڕۆڵێک بۆ حەماس لە ئیدارەی داهاتووی غەززەدا نابینن، داوایان لە ئەندامانی ئەم گرووپە کرد کە چەکەکانیان دابنێن و هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن.

ئوسترالیا، کانادا و نیووزلەند لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت خەڵکی مەدەنی باجی شکستی حەماس بدەن و پاراستنیان بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پێویستە؛ هەروەها داوایان لە ئیسرائیل کردووە گرینگی بە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات و کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت.

مەحکوومکردنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بۆ سەر تێلاڤیڤ، بەشێکی دیکەی بەیاننامەکە بوو.