کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەراوێزخستنی لایەنی گەشتیاریی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە

11:34 - 6 گەلاوێژ 2724

ناوچەی هەورامان کە لایەنە فەرهەنگییەکەی لە یوونێسکۆ تۆمار کراوە و ٤٠٩ هەزار هێکتار پانتایی هەیە، سەرەڕای گرینگبوونی لە بواری گەشتیارییەوە، بە هۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست و گونجاو، لە بواری گەشتیاریی نێوخۆیی و دەرەکی لە ئێراندا، پشکێکی زۆر کەمی بەرکەوتووە.

ڕۆژنامەی ئێبرار لە چاپی ئەمڕۆی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەمبارەوە باسی لە پەراوێزخستنی ناوچەی هەورامان لە پرسی گەشتیاریی ئێراندا کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەورامان سەرەڕای هەبوونی پۆتانسییڵی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری و تۆماری جیهانی، لە بواری گەشتیاریی نێوخۆیی و دەرەکییەوە لە ئێراندا، پشکێکی زۆر کەمی بەرکەوتووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، دوکتور ئائیژ عەزمی، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی ڕازیی کرماشان باسی لەوە کردووە کە لە گرینگترین هۆکارەکان بۆ پەراوێزکەوتنی ئەم ناوچەیە، نەبوونی ئێمکاناتی هاتوچۆ و نیشتەجێبوون لە کرماشان و خودی ناوچەی هەورامانە.

بە وتەی ناوبراو، گەشتیارە بیانییەکان بۆ سەفەرەکانی خۆیان کەڵک لە هێڵی ئاسمانی وەردەگرن کە کرماشان لەم بوارەوە دۆخێکی باشی نییە. لەلایەکی تریشەوە هێڵی ئاسنینی ئەم پاریزگایە کێشەی هەیە و خێرایی شەمەندەفەرەکان کەمە و واگۆنەکانێش داڕزیون و ئیمکاناتی زۆر کەمیان تێدایە.

عەزمی هەروەها باسی لەوە کردووە کە نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون لە کرماشانیش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانە، چونکە گەشتیارەکان زیاتر بۆ مانەوە پێویستیان بە هۆتێلی ٤ یان ٥ ئەستێرە هەیە کە لە کرماشاندا ڕێژەی زۆر کەمە و لە ناوچەی هەورامانیشدا هۆتێلی وا دەست ناکەوێ.

سیاسەتی ڕێژیم و هەوڵەکانی بۆ پەراوێزخستنی کوردستان، هەروەها پیلانە جۆراوجۆرەکانی بۆ دواکەوتووهێشتنەوەی کوردستان وای کردووە کە جەمسەرێکی گەشتیاریی گرینگ وەک بەشی هەورامان، لە بواری پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە پەراویز بخرێ.

یەکێک لە گرینگترین لایەنە ئابوورییەکان بۆ هەر ناوچەیەک، پرسی گەشتیارییە کە دەتوانێ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و هەروەها پێشکەوتنی لە بوارە جیاجیاکان و هەروەها گەشەکردنی لە بواری ئابوورییەوە هەبێت، ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دواکەوتووهێشتنەوەی کوردستان و پێشگرتن بە گەشەی ئابووریی ئەم بەشە لە دابینکردنی ئیمکانات و پێداویستییەکان بۆ کوردستان و بەتایبەت لە پرسی گەشتیاریدا خۆ دەبوێرێ.

ناوچەی هەورامان بەشگەلێک لە شارەکانی سنە، کامێران، پاوە، مەریوان و سەوڵاوا لە دوو پارێزگای کرماشان و سنە دەگرێتەوە و گەشەی ئابووریی ئەم ناوچەیە دەتوانێ کاریگەرییەکی ئێجگاری بەرچاوی لە ژیانی خەڵکی کوردستان هەبێت.