کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هێرشێکی یەکلاکەرەوە دژی حیزبوڵڵای لوبنان ڕاگەیاند

11:38 - 6 گەلاوێژ 2724

فەرماندەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باکووری ئەو وڵاتە، ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ ڕایگەیاند، دوای چەند مانگێک لە دەرگیری لەسەر سنوورەکان، هێزەکانی بۆ هێرشی یەکلاکەرەوە دژی حیزبوڵڵای لوبنان ئامادەن.

ئوری گوردین لە لێدوانێکیدا بۆ هێزەکانی ئاماژەی بەوە دا: ''تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ تیرۆریستمان لە لوبنان کوشتووە کە زۆرینەیان لە حیزبوڵڵای لوبنان بوونە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەرتەشی ئیسرائیل هەزاران ئامانجی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانیان لەسەر سنوورەکان لەنێو بردووە، وتیشی کە هێزەکانمان ئێستا خۆیان بۆ هێرشکردن ئامادە دەکەن، ئەگەر ساتی هێرشەکە هات، هێرشێکی یەکلاکەرەوە دەبێت".

دوای ئەوەی گرووپی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەردا هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و شەڕ لە کەرتی غەززە دەستی پێ کرد، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کە هاوپەیمانی حەماسە تێکهەڵچوونیان هەبووە .

حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کە بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیلییەکان.

بەپێی ئامارەکانی هەواڵدەریی فەرانسە، زیاتر لە ٩ مانگ توندوتیژی لە لوبنان لانیکەم ٥٢٣ کەس گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٣٤٢ کەس لەو کەسانە ئەندامی حیزبوڵڵا بوون و ١٠٤ کەسیشیان خەڵکی مەدەنی بوون.

لە لایەکی دیکەوە لانیکەم ١٨ سەربازی ئیسرائیلی و ١٣ کەسی مەدەنی لە باکووری ئیسرائیل کوژراون.

دەرگیری و تێکهەڵچوونەکان زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بووە و دەیان هەزار دانیشتووی ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون.

پەرەسەندنی توندوتیژی و هەوڵە شکستخواردووەکانی نێوبژیوانان، ترس و نیگەرانیی لە ڕوودانی شەڕێکی سەرتاسەریی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دروست کردووە.