کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧٦ هەزار قوتابی لە ساڵی ڕابردوودا وازیان لە خوێندن هێناوە

11:40 - 6 گەلاوێژ 2724

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی مەجلیس باسی لە وازهێنانی ٢٧٦ هەزار قوتابی بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکان لە خوێندن کردووە.

محەممەد مەولەوی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کارمەندانی پەروەردە و بارهێنانی شارەکانی ئابادان و ئەروەندکەنار ڕایگەیاند کە ٢٧٦ هەزار قوتابیی منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە کە ئەمە پێوەرێکی خراپە.

ناوبراو نەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن و هەروەها پەرەسەندنی ڕۆیشتنی مامۆستاکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی بە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە زانی و ئاماژەی بەوەش دا کە پشکی وەزارەتی پەروەردە لە بوودجەی گشتی بۆ ٩.٧٦ لەسەد کەمی کردووەتەوە.

کارناسان و توێژەران جیا لە پەراوێزخرانی ناوچەکان، هەژاری و هەڵاواردن لە پێوەندی لەگەڵ پێداویستییەکانی خوێندن و زۆربوونی قوتابخانە نادەوڵەتییەکان بە بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەزانن.

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتر ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ بڵاوی کردەوە باسی لە وازهێنانی ٩٣٠ هەزار قوتابی لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە ماوەی یەک ساڵی ١٤٠١ تا ١٤٠٢ کردبوو.

بەم پێیە لەوانەیە ئەو ئامارەی کە محەممەد مەولەوی نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لەو دانیشتنەدا ڕایگەیاندووە دروست نەبێت.

هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە کۆماری ئیسلامی بانەمەڕی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای خوراسانی باکوورەوە ڕایگەیاند کە تەنیا لە قۆناغی دواناوەندییدا ١٥ لەسەدی قوتابییانی ئەم پارێزگا وازیان لە خوێندن هێناوە و زیادیشی کردبوو کە ئەم ڕێژەیە لە قۆناغی ناوەندیشدا بەرزترە.

بە وتەی ناوبراو ٦٥ لەسەدی ئەو قوتابییانەی کە لەو پارێزگایە دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە کوڕ بوونە و ٣٥ لەسەدیش کچن، کووڕەکان بەهۆی چوونە سەر کار و زۆربەی کچانیش بەهۆی هاوسەرگیرییەوە کۆتاییان بە خوێندن هێناوە.

دۆخی خوێندن لە پارێزگا پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و سیستان و بەلووچستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران خراپترە.

شایانی باسە کە پرسی دەست لە خوێندن کشانەوەی قوتابییانی ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان هیج کاتێک لەلایەن دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە چارەسەری بۆ نەکراوە و هەر بۆیە دەتوانێت بەشێک لە سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی ڕێژیم لەهەمبەر خەڵکی ئەم ناوچانە بێت.