کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حامد ئیسماعیلیوون: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕێکی تەواو و سەرتاسەری دژی ژناندایە

11:42 - 6 گەلاوێژ 2724

حامد ئیسماعیلیوون چالاکی سیاسی و نوێنەری ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئۆکراینی لەبارەی کردەوە جنایەتکارانەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە ژنان ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە شەڕێکی تەواو و سەرانسەری دژی ژناندایە.

ناوبرا دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی و هەروەها بانگکردنی سپیدە ڕەشنۆ بۆ زیندان ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران لە شەڕێکی بەردەوام و سەرتاسەری دژی ژناندایه.

ئیسماعیلیوون بە ئاماژەدان بەوەی کە ژنان بەردەوام لە بەرخۆدان دژی هەڵاواردن و نادادپەروەریدا پێشەنگن، وتی کە دیواری ترسی ژنان داڕما و سزا ترسنۆکەکانی حکوومەتی جەهل و جینایەت تەنها بزمارێکی دیکە لە تابووتی مەرگی ئەو ڕێژیمە دەدات‌ و دەبێ زیندانییانی مەدەنی، سیاسی و مەزهەبی لە ئێران بێ مەرج ئازاد بکرێن و ڕایگەیاند کە ژنانی ئازادی ئێران لە ئێوە ناترسن.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر دوو ژنە چالاکوان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لە ماوەی دوو حەفتەدا کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێناوە.