کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە و عێراق

11:45 - 6 گەلاوێژ 2724

تۆڕی میدیایی ئەلمەیادین و چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ ڕایانگەیاند، گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکانەی ڕۆژهەڵاتی سووریە کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراون و ئەرتەشی ئەمریکاش بە تۆپخانە وڵامی ئەو هێرشەی داوەتەوە.

ئەم سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشە دووهەمین هێرشی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریە ئەنجام داوە و باس لەوە کراوە کە مووشەکەکان بەر بنکەکە کەوتوون و دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە گوندەکانی دەوروبەری بیستراوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ڕاپۆرتەکەدا بڵاوی کردەوە کە لە بەرامبەر ئەو هێرشە مووشەکییە، هێزەکانی ئەمریکا بە هێرشی تۆپخانەیی قورس هێرشیان کردە سەر بنکەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە سووریە و هەروەها فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ئاسمانی ناوچەکەدا فڕیون.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرانسە، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیش چەند موشەکێک بەرەو بنکەکانی "هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش" لە عێراق و سووریە هەڵدراون کە  چوار مووشەک لە نزیک بنکەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق کەوتوونەتە خوارەوە و هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و سێ مووشەکی دیکەش لە نزیک بنکەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، مووشەکەکان لە دەرەوەی بنکەکە کەوتوون و ئەمە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵیی بەدواوە نەبووە.

سەرچاوەکانی هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە مووشەکەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپ و هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئاراستە کراون بەڵام تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

ئەو هێرشانە دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی نێوان بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکایی لە واشنگتۆن سەبارەت بە داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق ڕوویان دا و گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە بوون.