کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی هێزکانی ڕێژیم لە بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ بۆ سەردانی گۆڕی ئازیزانیان

12:36 - 6 گەلاوێژ 2724

هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ ڕێگەیان نەدا کە بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ سەردانی گۆڕی ئازیزانیان بکەن.
بەپێی هێندێک هەواڵ و زانیاریی بڵاوکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دوێنی درگاکانی گۆڕستانی خاوەران داخراوە و ڕێگە نەدراوە کە ژمارەیەک لە بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ سەردانی گۆڕی ئازیزانیان بکەن.
بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی ڕیژیم درگای گۆڕستانەکەیان داخستووە و داوایان لە بنەماڵەی لەسێدارەدراوان کردووە کە پێناسەکانیان ڕادەست بکەن ئینجا بچنە ژوورەوە، بەڵام بنەماڵەکان بەرەوڕووی ئەم داواکارییە بوونەتەوە و هەر لە پشتی درگاکانەوە چەپکە گوڵەکانیان داناوە و نەچوونەتە ژوورەوە.
گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی قوربانییانی دەیەی ٦٠ بابەتێکی نوێ نییە و ساڵانێکە کە دەسەڵات لە ڕێگەی ئەم گوشارانەوە بۆ سەر بنەماڵەکان لەهەوڵدایە تاکوو پێش بە سەردانی گۆڕەکان و بەڕێوەچوونی هەر ڕێوڕەسمێک لەو گۆڕستانە بگرێت.
ڕێژیم دەیهەوێت کە ئاڵوگۆڕ لە پێناسەی ئەم گۆڕستان پێک بێنێت و بە جۆرێک سەرپۆش بخاتە سەر تاوانەکانی خۆی لە دەیە ٦٠دا.
کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی هەزاران بەندکراوی سیاسی و ئایینیی لەسێدارە دا و پاشان بەکۆمەڵ و بەشێوەی نهێنی و بەبێ ئەوەی کە هیچ ناو و نیشانێک لە سەر گۆڕەکانیان دابنێت، لە بەشێکی گۆڕستانی خاوەران خستیانیە ژێر گڵەوە.
جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠دا کۆمەڵکوژیی کردووە و تاوانی بە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.