کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتن و بریندارکردنی دەیان منداڵ

11:41 - 7 گەلاوێژ 2724

حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێکی ڕاکتیدا بۆ ناوچەی بەرزاییەکانی گوڵان ١٢ کەسی کوشت و زیاتر لە سی کەسیشی بریندار کرد.

ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت بە ڕاکێت هێرشی کردە سەر زەوییەکی فووتباڵ لە مەجدەل شەمس و لە ئاکامدا ١٢ منداڵ کە خەریکی یاریکردن بوون کوژران و زیاتر لە سی کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە یەکەم کاردانەوەکانی ئیسرائیل بەم هێرشە بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی لە حیزبوڵڵا کرد و ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە تێچوویەکی قورس ئەدات کە تا ئێستا ئەزموونی نەکردبێت.

هەروەها دوابەدوای هێرشە ڕاکێتییەکەی حیزبوڵڵا بۆ سەر مەجدەل شەمس، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و ژێرخانەکانی حیزبوڵڵای لوبنان ئەنجام دا.

لەلایەکی دیکەوە حیزبوڵڵا ڕەتی کردووەتەوە کە هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر بەرزاییەکانی گوڵان لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درابێت، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە هەواڵدەریی ئاسۆشەیتدپرێسی ڕاگەیاندووە کە هیچ گومانێک نییە لەوەدا کە حیزبوڵڵای لوبنان هێرشی کردووەتە سەر ئەو زەوییە فووتباڵە.

لەم پێوەندییەدا دانیەل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئەو ڕاکێتەی کە هێرشەکەی پێ ئەنجام دراوە لە جۆری "فەلەقی یەک"ی دروستکراوی ئێران بووە و تاکە گرووپێک کە لەم جۆرە ڕاکێتە کەڵک وەردەگرێت حیزبوڵڵای لوبنانە.