کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەیەکی فەرماندەیی حەماس لە غەززە

11:47 - 7 گەلاوێژ 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە هێرشێکی ئاسمانییدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە غەززە، پێگەیەکی فەرماندەیی حەماسی کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل لەم بەیاننامەدا باسی لەوە کردووە کە چەکدارانی حەماس خۆیان لەم قوتابخانەدا حەشار داوە و لەوێوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەم وڵاتە.

بەیاننامەکەی ئیسرائیل زیادی کردووە کە حەماس ئەو قوتابخانەی کردووەتە کۆگای چەک و تەقەمەنی و پێش ئەنجامی هێرشەکە ئاوارەکانی دەوروبەری قوتابخانەکە ئاگادار کراونەتەوە کە لەو شوێنە دوور بکەونەوە.

لە بەرامبەردا حەماس ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا ٣٠ کەسی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوونە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە هاوشێوەی ئەم هێرشانە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە گرووپی حەماس شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوتەکان و شوێنە قەرەباڵغەکان وەک قەڵغان بەکار دێنێت و خۆی لەپشتی ژنان و منداڵانی فەلەستینی دەشارێتەوە.