کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی "فەلەق ١"ی ئێران ئەنجام دراوە

13:06 - 7 گەلاوێژ 2724

دانیێل هاگاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لە دوایین هێرشی حیزبوڵڵادا کە یاریگایەکی فووتباڵی منداڵانی کردووەتە ئامانج، کەڵک لە مووشەکەی "فەلەق ١"ی درووستکراوی ئێران وەرگیراوە.

 

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بە مووشەکە ئاراستەکراون باسی لەوە کردووە کە ئەو موشەکە ئێرانییە و لە ئێران دروست کراوە و هەڵگری ٥٠ کیلۆ تەقەمەنییە و تەنیا حیزبوڵڵا کەڵکی لێ وەردەگرێ و لە ناوچەی شەعبا لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.

هاگاری باسی لەوە کرد کە لەو هێرشەدا نزیک لە ١٢ کەس کوژراون کە هەموویان منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ١٠ بۆ ٢٠ ساڵان بوون و حیزبوڵڵا بەرپرسیاری ئەو هێرشەیە و ئیسرائیل وڵامی توندی ئەو هێرشەی دەداتەوە.

 

هەروەها بێنیامین نێتانیاهوو سەبارەت بەو هێرشە کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ئێمە بە ئاسانی لەو هێرشە ناگوزەرێین و حیزبوڵڵا دەبێ باجێکی زۆر قورس بدات و بە جۆرێک وڵامی دەدەینەوە کە تا ئێستا قەت باجی وای نەدابێ.

 

لە لایەکی دیکەوە یسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵا هەموو هێڵێکی سووری پێشێل کردووە و ئەم هێرشەی ئیسرائیل ناتوانین وەکوو شەڕی دوو ئەرتەش پێکەوە سەیری بکەین، بەڵكوو هێرشی گرووپێکی تیرۆریستییە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، و حیزبوڵڵا بەم هێرشەی خۆی ئیسرائیلی لە شەڕێکی تەواو عەیار نزیک کردووەتەوە، شەڕێک کە دەبێ تێیدا حیزبوڵڵا و حەسەن نەسرووڵا لەنێو بچن.

هەروەها ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودوڵه‌تی کرد کە سزا و گەمارۆی قورس بخەنە سەر حیزبوڵڵا.

لەلایەکی دیکەوە ئسحاق هرتزۆگ سەرۆککۆماری ئیسرائیل جەختی کردەوە که نابێ جیهان له بەرامبەر هێرشە تێرۆریستییەکەی حەسەن نەسروڵڵا کە بە فەرمانی "ئیمپراتۆری شەڕی ئێران" ئەنجام دراوە ، بێدەنگ بێت و دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئیرادەوە بەرگری له هاووڵاتییان و سەروەرییەکانی خۆی دەکات.

 

شایانی باسە کە لە یەکەمین کاردانەوەی فەرمیی حکوومەتی ئەمریکادا بەرامبەر بەو هێرشەی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل کە ١٢ کوژراو و زیاتر لە ٣٠ برینداری لێکەوتووەتەوە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هێرشەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە پابەندبوونی ئێمە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو گرووپە تێرۆریستییانەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانییان لێ دەکات وەکوو حیزبوڵڵا، ئاسنینە.

هەروەها جێگای ئاماژەیە حیزبوڵڵای لوبنان کە پێش هێرشەکە دانی بەوەدا نابوو کە ١٠٠ مووشەکیان ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە، بەڵام دوای ئەوەی کە ژمارەی قوربانییانی نێو هاووڵاتییانی ئیسرائیل زیادی کرد ئیدیعای کردووە کە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشە کوشندەیەوە نییە.