کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەکاری هێرشێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان دەکات

13:13 - 7 گەلاوێژ 2724

دوای چەند مانگێک لە شەڕ و پێکدادانی سنووری و سەربازی، ژنڕاڵ ئاوری گۆردۆن ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل زیاتر لە پێنسەد تێرۆریستی لە لوبنان کوشتووە و زۆربەی ئەو کەسانەش سەر بە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان بوون. دواتر ژنراڵ گۆردۆن وتی هێرشێکی یەکلاکەرەوە دژی حیزبوڵڵای لوبنان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

 

هەروەها فەرماندەیەکی دیکەی ئەرتەشی ئیسرائیل ئەو بابەتەی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دوای چەند مانگێک لە بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزی لە سنوورەکانی باکوور، ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی یەکلاکەرەوە دژی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات.

تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی نێوان ئەرتێشی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ٥٢٣ چەکدار لە لوبنان کە زۆربەیان سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان بوون و حیزبوڵڵای لوبنان پشتڕاستی کردەوە کە ٣٤٢ کەس لەو کەسانەی کە کوژراون ئەندامی ئەم گرووپە بوون، بەڵام ١٠٤ کەسی دیکە لە کوژراوەکان هاووڵاتیی مەدەنی بوون، و بەگوێرەی ئاماری ئەرتەشی ئیسرائیل، لەو تێکهەڵچوونانەدا ١٨ سەرباز و ١٣ هاووڵاتیی مەدەنیی ئیسرائیلیش کوژراون.

 

هەروەها هاوکات نیکلا دووریویر، نوێنەری فەڕانسە لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە خراپتربوونی ململانێ سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەربڕی و ئاماژەی بەوەش کرد كه‌ وڵاتەکەی هەوڵ دەدات پێش بە شەڕێکی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بگرێت.

 

ل لایەکی دیکەوە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێران، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ئەرکی لەسەر شانە کە پلانی ئۆپراسیۆنێكی تەواو و یەکلاکەرەوە لە دژی ئەو دوژمنەی کە دەیناسێت جێبەجێ بکات.

 

 لە کۆتاییدا ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەرتەشی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە ئامادەن بۆ شەڕ و ڕادیۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێش هێرشی زەوینی ئەرتەشی ئەم وڵاتە بۆ سەر لوبنان، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بەهێز دژی لوبنان ئەنجام دەدرێت.

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر بنکەی حوسییەکان و ژێرخانەکانیان لە بەندەری حەدەیدە، وتی: ئەم هێرشە ئاسمانییە پەیامێک بوو بۆ ئێران و حیزبوڵڵا و ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی زۆر بەهێز و لە ناکاو ئەنجام دەدرێت.