کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیلی مەحکووم کرد

03:01 - 8 گەلاوێژ 2724

لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هێرشی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل کە لانیکەم ١٢ کوژراو و زیاتر لە ٣٠ برینداری لێکەوتەوە، وتەبێژێکی شۆرای ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئەم هێرشە دڕندانەی مەحکووم کرد.

ناوبراو لەم بەیاننامەیەدا وتی: پابەندبوونی ئێمە بە ئەمنییەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەوانە حیزبوڵڵا، ئاسنین و بەهێزە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ، لە کاردانەوە بەو هێرشە یاسادانەرانی ئەمریکا ئەم هێرشەیان بە تیڕۆریستی ناوبرد و بە توندی مەحکووم کرد.

مایک جانسۆن، سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە کاردانەوە بە هێرشی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: ''چۆن لە حەوتووەکانی ڕابردوو نیشانمان دا، کۆنگرە لە پاڵ ئیسرائیل وەستاوە هەتا لە خاک و خەڵکەکەی بەرگری بکات.''

هەروەها بیل هەگێرتی سێناتۆری کۆماریخواز داوای لە دەوڵەتی بایدێن- هەریس کرد کە بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ مافی بەرگری لە سنوورەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر حیزبوڵڵا ڕابگەیەنێت و پێویستە دەستبەجێ هەموو بەربەستەکانی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل لاببات و گوشار بخاتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ و چەککردنی حیزبوڵڵا.

ڕیک ئیسکات، سێناتۆری کۆماریخواز، سیاسەتەکانی دەوڵەتی بایدێنی بە هۆکاری بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی و زیادبوونی هێرشە تێرۆریستییەکان لە جیهاندا زانی.

لە کارادانەوەکاندا کوین کریمێر سێناتۆڕی کۆماریخواز، تروی باڵدرسون نوێنەری کۆماریخواز، بێرد شێرمن نوێنەری دێموکراتەکان، دێبی شوڵتێز نوێنەری دێموکراتەکان لە مەجلیسی نوێنەران، جۆ ویلسۆن نوێنەری کۆماریخواز و هەروەها لوئیس فرانکل نوێنەری دێموکراتەکان، هێرشی حیزبوڵڵایان بە دڕندانە ناو برد و پشتیوانیی خۆیان لە ئیسرائیل دووپات کردەوە.

دوای ئەوەی گرووپی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەردا هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و شەڕ لە کەرتی غەززە دەستی پێکرد، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کە هاوپەیمانی حەماسە تێکهەڵچوونیان هەبووە و بەو هۆیەوە دەیان هەزار دانیشتووی ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون.

پەرەسەندنی توندوتیژی و هەوڵە شکستخواردووەکانی نێوبژیوانان، ترس و نیگەرانیی لە ڕوودانی شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دروست کردووە.