کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی پچڕانی کارەبا نەخۆشخانەکانیشی گرتووە

11:11 - 8 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ کێشەی دابینکردنی وزە لە ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرمیی هەوا، قەیرانی پچڕانی کارەبا ناوەندە دەرمانییەکانیشی گرتووەتەوە و کاروباری بەشێک لە نەخۆشخانەکانی پەک خستووە.

ماڵپەڕی ''تەجارەت نیووز'' باسی لە پچڕانی کارەبا لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری مەحەلات لە پارێزگای مەرکەزی لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژدا کردووە و نووسیویەتی کە لە کاتی ئەم ڕووداوەدا ١٨ نەخۆش لەژێر چاودێریی هێمودیالیزدا بوون.

هاوڕێی یەکێک لەو نەخۆشانە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەم میدیایە وتوویەتی: ''پچڕانی کارەبای ئامێری دیالیزی خوێن بە واتای شۆکێکی توند بۆ نەخۆشەکانە. ئەو خوێنەی کە لە جەستەی نەخۆشەکە بۆ پاککردنەوە دەردەهێنرێت، لە ڕێگەی ئەم ئامێرە دەگەڕێتەوە بۆ جەستەی و کاتێک بەرقی ئەم ئامێرانە دەپچڕێت، ئەم ڕەوتە دەوەستێت.

بە وتەی ناوبراو، پچڕانی کارەبا لە نەخۆشخانەی خومەینیی مەحلات زیاتر لە ١٥ خولەک بەردەوام بوو و لەو ماوەیەدا بەشێک لە خزمەتکاران بە سووڕاندنی ئامێرەکانی دیالیز خوێن بە دەست هەوڵیان داوە ڕێگری لە شۆکی لە ڕادەبەدەر بۆ نەخۆشەکان بکەن.

پێشتریش لە ٦ی پووشپەڕ، محەممەدتەقی ئاشووبی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی گیلان باسی لە ڕووداوی پچڕانی کارەبای نەخۆشخانەی پیرووز لە لاهیجان کرد و ڕایگەیاند کە دوای ئەم ڕووداوە سەرۆکی ئەم نەخۆشخانەیە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

نەخۆشخانەکانی ئێران لە کاتی پچڕانی کارەبا پێویستە ماتۆری بەرقیان هەبێت، بەڵام تجارەت نیووز نووسیویەتی بە تایبەتی نەخۆشخانە حکومییەکان ڕووبەڕووی کێشەی لەکارکەوتنی مۆتۆر بوونەتەوە.

بە سەرنجدان بە بەرهەمهێنانی ئێستای ٦١ هەزار مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی بەرقی ئێراندا، ئەم ڕێژەیە بەرابەرە لەگەڵ ١٧ هەزار مێگاوات کەمیی کارەبا لە ئێران؛ بە واتایەکی تر حکوومەت ناتوانێت یەک لەسەر چواری پێداویستییەکانی کارەبا دابین بکات.