کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واژۆکردنی حوکمی سەرۆککۆماریی مەسعوود پزشکییان لەلایەن خامنەییەوە

11:17 - 8 گەلاوێژ 2724

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی باڵای سیاسی و سەربازی، حوکمی سەرۆککۆماریی مەسعوود پزشکییانی واژۆ کرد.

پزشکییان لە قسەکانی خۆی لەم ڕێوڕەسمەدا بۆ جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە سیاسەتی دەوڵەتەکەی هەمان سیاسەتەکانی خامنەیی دەبێت و لە چاوەڕوانییەکانی خامنەیی لا نادات.

سەرۆککۆماری ڕێژیم زیادی کرد کە پێویستە هەموو لایەنەکان دژایەتییەکان وەلا بنێن و لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی بچنە پێش تاکوو بگەنە ئەو شوێنەی کە شیاوی ئەوانە.

پاش سەرۆککۆمار ڕێبەری ڕێژیم قسەی کرد و وێڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی پزشکییان ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە پلەی یەکەمدا نییە و ئەوەی کە گرینگە هیواداربوونی خەڵکە.

ئەم قسانەی خامنەیی لەکاتێکدایە کە پێش بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکان و تۆمارکردنی کەمترین ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا، ناوبراو بە دەیان جار سەبارەت بە گرینگییەکانی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک هۆشداریی دابوو.

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لەژێر ناوی "ئەولەوییەت"ی سیاسەتەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە دەوڵەت دەبێت لە سیاسەتە دەرەکییەکاندا سپاسگوزاری ئەو وڵاتانەی بێت کە لە کاتی گوشارەکاندا یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بوونە.

ناوبراو هەر لەم چوارچێوەدا زیادی کرد کە پێوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان دەبێت هاوشێوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی بێت و سەبارەت بە وڵاتانی ئورووپایی ڕایگەیاند کە ئەوانە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا نابێت لەم ئەولەوییەتانە بن تا کاتێ کە هەڵسوکەوتی خۆیان لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی دەگۆڕن.

خامنەیی بە جۆرێک لەم قسانەدا سیاسەتە دەرەکییەکانی دەوڵەتی چواردەیەمی بە پزشکییان و کاربەدەستانی باڵای دیکەی ڕێژیم ڕاگەیاند و ئەو دوورەدیمەنەی کە پزشکییان لە قسەکانیدا باسی لێ کرد، کێشایەوە.

بەم پێیە چواردەیەمین دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و نۆیەمین سەرۆککۆمار بەشێوەی فەرمی و پاش واژۆکردنی خامنەیی و دەستنیشانکردنی سیاسەتەکانیان، دەستیان بەکار کرد.