کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەیارانی ژینگەی کوردستان لە بانە چەندین دار بەڕووی بەتەمەنیان بڕیوەتەوە

11:27 - 8 گەلاوێژ 2724

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون کەسانی هەلپەرەست و دژە ژینگە چەندین دار بەڕووی بەتەمەنیان لە دارستانەکانی گوندی "کانی بی"ـی سەر بە ناوچەی بڵەسەنیان بڕیوەتەوە و لە ناویان بردوون.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی ئەو دار بەڕووانەی کە بڕدراون تەمەنیان سەرووی ٢٠٠ ساڵە و ئەم کردەوە دژە ژینگەییە بە مەبەستی کردنە زەوی و داگیرکردنی شوێنە گەشتیارییەکان، دارستان و لەوەڕگەکان ئەنجام دراوە.

بڕین و سووتاندن و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن نەیارانی خاک و سروشت و ژینگەی کوردستان  لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕۆژانە ئەنجام ئەدرێ و ئەو کەسانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە قێزەونەکانیان هەموو رێگایەک دەگرنە بەر.

کاولکردن و لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لەکاتێکدا ئه‌نجام ئه‌درێ کە ڕۆژانە ڕۆڵە ئاگربەزێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەسەر دەست ڕووبەڕووی ئاگری نەیاران دەبنەوە و پارێزگاری لەو ژینگەیە دەکەن و مخابن چەندین جار لەو پێناوەشدا ڕۆڵەکانمان بریندار و شه‌هید بوون.