کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵگرتنی ٤ میلیۆن بوتڵی ئاو مەعدەنی بۆ ئەربەعەین سەرەڕای کەمیی ئاو لە پارێزگاکانی ئێران

11:41 - 8 گەلاوێژ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاییەکانی ئێران، لەکاتێکدا کە زۆربەی پارێزگاکان ڕوبەڕووی کەمیی ئاو بوونەتەوە، محەممەد زارع، بەڕێوەبەری ستادی جێبەجێکاری فەرمانەکانی ڕێبەری ڕێژیم، باسی لە پاشەکەوتی زیاتر لە ٤ میلیۆن بۆتڵ ئاوی مەعدەنی بۆ ڕێوڕەسمی ئایینیی  ئەربەعەین کرد.

زارع ڕایگەیاند کە ستادی جێبەجێکاری فەرمانەکانی ڕێبەری ڕێژیم کە لەژێر چاوەدێریی  نووسینگەی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچیت، وەک ساڵی ڕابردوو پشتیوانی لە ئەربەعەین دەکات.

ئەم ستادە لە ساڵی ٦٨دا بە فەرمانی خومەینی لە هەزاران زەوی و موڵک کە لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧دەستی بەسەردا گیرابوو، پێک هات.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە شرۆڤەکاران، ئەربەعەینیان وەک "مانۆڕی دەسەڵات"ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باس کردووە و کاربەدەستانیش چەندین جار جەختیان لەسەر ئامادەبوونی چەند میلیۆن کەس لەم ڕێوڕەسمەدا کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە پاشەکەوتکردنی ئەم بڕە ئاوە بۆ ڕێوڕەسمێکی ئایینی لە دۆخێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران تەنیا ٩ پارێزگای ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو نەبوونەتەوە.