کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی ڕەتی دەکاتەوە کە دەستی لە هێرشە ڕاکێتییەکەی سەر مەجدەل شەمس بووبیت

12:03 - 8 گەلاوێژ 2724

پاش هێرشە ڕاکێتییەکەی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر بەرزاییەکانی گوڵان و کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەک منداڵ و مێرمنداڵ، کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی لەپێوەندیی لەگەڵ ئێرانیبوونی ڕاکێتەکە، کاردانەوەی هەبوو.

لە یەکەم کاردانەوەی کۆماری ئیسلامییدا بەنیسبەت قسەکانی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل کە ڕاکێتەکەی بە ڕاکێتێکی دروستکراوی ئێران و لە جۆری "فەلەقی ١" زانیبوو، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بابەتە ڕایگەیاند کە لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی بە دژی لایەنە بەرامبەرەکان گوێبیستی نابێت.

ئەم قسانەی کەنعانی لەکاتیکدایە کە حیزبوڵلای لوبنانیش ڕەتی کردووەتەوە کە دەستی لەم هێرشەدا هەبووبێت.

هەرچەند کە حیزبوڵڵا سەرەتا ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گوڵان بەڵام دواتر بە هەموو شێوازێک هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەی ڕەت کردەوە.

لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە نیشانەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە حیزبوڵڵای لوبنان هێرشەکەی ئەنجام داوە.

لە لێدوانێکی فەرمیی دیکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەو مووشەکەی کە کوڕان و کچانی ئێمەی کوشت دروستکراوی ئێران بوو، هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان تاکە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە کە ئەم جۆرە مووشەکەی لە کۆگاکانیدا هەیە".

ئیسرائیل هەر لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی غەززەوە، کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرسیاری سەرەکیی شەڕ زانی و ڕایگەیاند کە هەموو ئەو میلیشیایانە کە لەم شەڕەدا بەشدارییان کردووە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانیان ئەنجام ئەدەن و ڕێژیمی تاران چەک و پارەی پێویستییان ڕادەست ئەکات.

خامنەیی پاش ئەنجامی هێرشی تێرۆریستیی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و کوشتنی ١٢٠٠ کەسی مەدەنی و بەبارمەتەگرتنی نزیک بە ٢٥٠ کەسی دیکە وتبووی کە حەماس و بەرەی بە وتەی ئەو "مقاومەت" فەرمان لە کۆماری ئیسلامی وەرناگرن.