کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکردنی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی لەلایەن دایکانی دادخوازی کوردستانەوە

12:28 - 8 گەلاوێژ 2724

کۆمەڵێک لە دایکانی دادخوازی کوردستان لە شاری سنە کۆبوونەوە و حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزییان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، دایکانی مافخوازی کوردستان بە هەڵگرتنی وێنەی بەندکراوان و بە وتنەوەی دروشمی، ''نا بۆ سێدارە'' و ''نا بۆ لەسێدارەدانی منداڵەکانمان'' سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزییان مەحکووم کرد.

جێگای باسە کە ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ، لە حەساری بەندیخانەی ئێڤین ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژ بە سزای سێدارە دروشمیان وتەوە.

شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاری و پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی لەسێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.