کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکان سەبارەت بە پرسی حیجاب لە دوای مردنی ڕەئیسی

16:59 - 8 گەلاوێژ 2724

سەکینە پاد، یاریدەدەری تایبەتی ئیبراهیم ڕەئیسی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ ماف و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە کە هەڵوێستی ژنان و کچان سەبارەت بە حیجابی دڵخواز یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو؛ ڕەئیسی لەو دۆخە نیگەران بوو و هەمیشە دەیگوت تا کەی دەتوانین کچانی تەمەن ١٧ و ١٨ ساڵ دەسبەسەر بکەین، چەند کەسیان دەسبەسەر بکەین و بۆ چەندیان دۆسییەی دادوەری بکەینەوە.

ئەم ئیدیعایە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی پێش کوژرانی ڕەئیسی لە ڕاپۆرتی جۆراوجۆردا ناوبراو چەندین جار جەختی لەسەر پرسی حیجاب و مامەڵەکردن لەگەڵ بێ حیجابی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە لەمبارەوە نیگەران مەبن.

ئیبراهیم ڕەئیسی بە هۆی ڕۆڵگێڕان لە لەسێدارەدانە بەربڵاوە سیاسییەکان لە دەیەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیم، لە لیستی ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیمدا بوو کە وەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناسرابوو.

ناوبراو پاش دەسبەکاربوون وەک سەرۆکۆماریش، پێداگریی زیاتری لەسەر پێشێلکردنی مافی ژنان و جێبەجێکردنی پرسی حیجاب لە کۆمەڵگەدا کرد.

سەکینە پاد بە چەواشەکارییەوە هەوڵی داوە وای بنوێنێ کە ڕەئیسی، یەکێک لە ڕەخنەگران لە پرسی حیجاب بووە و ئەمە لەکاتێکدایە کە کوژرانی ژینا ئەمینی ڕێک لە سەردەمی سەرۆکۆماریی ناوبراودا بە بیانووی ڕەچانەکردنی حیجاب و لە چوارچێوەی گەلاڵە جۆراوجۆرەکانی حیجاب و عیفافدا ڕووی دا و ئەمە نیشان دەدات کە ڕەئیسی تا چ ڕادەیەک لە سەپاندنی پرسی حیجابدا شێلیگیر بووە.

ئەم ئیدعا و قسانەی سەکینە پاد کاربەدەستی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە نەک تەنیا دەوڵەتی ڕەئیسی بەڵکوو ڕێژیمی ئێران لەسەر بنەمای پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی مافی ژنان دامەزراوە، بەڵام لە ئیستادا کە کار لە کار ترازاوە ئەم تاقمە بە چەواشەکاری بوونەتە پارێزەر و خەمخۆری مافی ژنان و هاووڵاتییان لە ئێراندا.