کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی نان لە پارێزگای سنە ٢٥ لەسەد بەرز بووەتەوە

17:01 - 8 گەلاوێژ 2724

جێگری چاودێری و پشکنینی ئیدارەی سەنعەت، مەعدەن و تجارەتی پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە نرخی نان لەم پارێزگایەدا بە ڕێژەی ٢٥ لەسەد بەرز بووەتەوە و ئەم گۆڕانکارییە لە نرخدا لە نانەواخانەکان جێبەجێ کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، فەرزاد سەردارزادە لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ''ئیرنا''ی ڕێژیم وتی: پاش داواکارییەکانی دووبارەی یەکیەتیی نانەواکان بۆ گرانکردنی نرخی نان، پێداچوونەوە و هەڵەسەگاندن بۆ نرخی نان کرا و بەڕێژەی ٢٥ لەسەد نرخی نان بەرز کرایەوە.

بەو پێیە نانی لەواش لە ٤٠٠ تمەنەوە بۆ ٥٠٠ تمەن، سەنگەگی یارانەیی جۆری یەکەم لە هەزار و ٧٠٠ تمەنەوە بۆ ٢ هەزار و ١٠٠ تمەن، سەنگەکی یارانەیی لە جۆری دووهەم لە ٢ هەزار تمەنەوە بۆ ٢٥٠٠ تمەن، بەڕبەڕی بە ڕەشکەوە لە ٢ هەزار و ٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٣ هەزار و ٣٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە.

هەروەها جێگری چاوەدێری و پشکنینی ئیدارەی سەنعەت، مەعدەن و تجارەتی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: مانگیک لەمەوبەر لە نانەواییە ئازادەکاندا نرخی نانی سەنگەکی  بۆ ١٠ هەزار و بەڕبەڕی بۆ ٧ هەزار پەسەند کرا.

نرخی نان لە کوردستان و ئێران لە کاتێکدا گرانتر دەبێتەوە کە بێکاری، گرانی و نەبوونی دەرەتان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گرتووەتەوە و خەڵک لە دۆخیکی زۆر دژواری ژیاندان.