کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا حیزبوڵڵای بە بەرپرسی هێرش بۆ سەر بەرزاییەکانی گوڵان زانی

17:02 - 8 گەلاوێژ 2724

 

کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە پشتڕاستی کردەوە کە هێرشی مووشەکی بۆ سەر گوندی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی گوڵان لەلایەن گرووپی حیربوڵڵای لوبنانەوە ئەنجام دراوە و ئەمریکا لەو بارەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان و ئیسرائیل وتووێژ دەکات.

ئادرین واتسۆن وتەبێژی شۆرای نیشتمانیی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ، لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو مووشەکەی کە بەر گوندی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی گوڵان کەوتووە، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حیزبوڵڵای لوبنانەوە، کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هاویشتراوە.

ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ لە هێرشی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، لانیکەم ١٢ منداڵ کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.

وتەبێژی شورای نیشتمانیی ئەمریکا خوازیاری مەحکوومکردنی نێونەتەوەیی ئەو هێرشە بوو و ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک لە درێژەی هێڵی ئاوی لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل بدۆزێتەوە هەتا بە یەکجاری کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت.

حیزبوڵڵای لوبنان بەرپرسیاریەتیی هێرش بۆ سەر گوندی مەجدل شەمسی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت ئەو مووشەکەی کە وەبەر ئەو گوندە کەوتووە دروستکراوی ئێران بووە و لە ناوچەیەکی باکووری شەبعا لە لوبنان هاویشتراوە.

حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لە گرووپە سەرەکییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا کە بووە هۆی دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ململانێیەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەدرێژایی سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتە لە نزیکەی ٩مانگی ڕابردووە بەردەوام دریژەی هەبووە.

گرژییەکان لە چەند حەوتووی ڕابردوودا بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی و هەڕەشەی لایەنەکان لە دژی یەکتر زیادیان کردووە و دوای ئەو هێرشە بۆ سەر گوندی مەجدەل شەمس ئیسرائیل بەتوندی هەڕەشەی هێرشی بەربڵاوی بۆسەر حیزبوڵڵا کردووە.