کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: سەرەڕای هاتنەسەرکاری پزشکییان، دوورین لە چارەسەرکردنی پرسی ناوکیی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە

11:24 - 9 گەلاوێژ 2724

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هاتنەسەرکاری مەسعوود پزشکییان ناتوانێت ئاڵوگۆڕێکی سەرەکی لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی پێک بێنێت.

ڤێدانت پاتێل ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ لە پرێس کۆنفڕانسێکدا و سەبارەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پاش سەرۆکایەتیی پزشکییان وتی: "ئەمریکا نە لە ڕووی قسەوە بەڵکوو بەپێی کردەوەکان کۆماری ئیسلامی هەڵدەسەنگێنێت و ئیدعای باشکردنی پێوەندییەکان پێویستە کردەوەشی لەگەڵدا هەبێت".

پاتێل بە ئاماژەدان بە پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ڕوانگەی واشنگتۆن سەبارەت بەم بابەتە هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە و ئەمریکا سەردەمانێکە کە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە باشترین چارەسەر بۆ ئەم پرسە دیپلۆماسییە.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا زیادی کرد، لە ئێستادا بەهۆی دروستکردنی گرژییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە هەموو جیهان و هەروەها هاوکارینەکردنی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، زۆر لەم دیپلۆماسییە دوور کەوتووینەتەوە.

پاتێل لە وڵامی هەواڵنێران سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵلای لوبنان ئاماژەی بەوە دا کە ئاگاداری وتووێژەکان لەم پێوەندییەدا لەگەڵ تاران نییە.