کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنبوون و خراپبوونی کەرەستەکانی زانکۆی فەرهەنگییانی خوڕماوا

12:14 - 9 گەلاوێژ 2724

هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کۆنبوون و پەککەوتوویی بینا و کەرەستەکانی زانکۆی فەرهەنگییانی خوڕماوا کردووە.

تەسنیم لە زاری پارێزگاری لوڕستانەوە کە سەردانی زانکۆی فەرهەنگییانی کردووە ڕایگەیاندووە کە "کۆنەبوون و پەککەوتوویی بینای زانکۆکە و هەروەها کەرەستە پێویستەکانی وڵامدەر نییە و دەبێت سەرنجێکی تایبەت بخرێتە سەر زانکۆیەک کە مامۆستایانی کۆمەڵگا پەروەردە دەکات".

ئەبووتالب شەفەقەت ڕایگەیاندووە کە هەوڵ ئەدات تاکوو کێشەکانی ئەم زانکۆیە چارەسەر بکات و داوای لە دەزگا پێوەندیدارەکان کردووە تاکوو یارمەتیدەر بن.

نەبوونی پێداویستییەکان و کۆنبوونی زانکۆکان و قوتابخانەکان لە ئێران پرسێکی نوێ نییە و ساڵانێکە خوێندکاران و قوتابییان لەگەڵ ئەم کێشەیەدا بەرەوڕوون و تاکوو ئێستا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٥ ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە ئەنجام نەدراوە.

ئەم بابەتە لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران بە ڕادەیەکی زیاتر لە بەرچاودایە بە شێوازێک کە قوتابخانە و زانکۆکان لەم پارێزگایانە بەرەوڕووی قەیرانی پێداویستییەکان بوونەتەوە و لە هێندێک شوێن تەنانەت کەرەستەی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوەی بەکەڵکیان بۆ خوێندکاران و قوتابییان دانەمەزراندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە منداڵانی ناوچە کوردستانییەکان و بەلووچستان بەهۆی ئاگرگرتن و ڕووخانی پۆلەکانی دەرس خوێندن گیانی خۆیان لە دەست داوە و ژمارەیەکیش بەتووندی بریندار بوونە.

ڕێژیمی ئیسلامی هیچ کاتێک پشکی پێویستی لە بوودجەی گشتیی وڵات بۆ ناوەندە پەروەردەییەکان ڕەچاو نەکردووە.

خراپیی دۆخی ئەم ناوەندانە بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان وای کردووە کە خەڵکی ئەم ناوچانە لە ڕووی ناچارییەوە هێندێک جار پارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شوێنی پەروەردەی منداڵان کۆ بکەنەوە و هەروەها دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە وەک نەریتێک خراوەتە ئەستۆی خەڵکی ئەو ناوچانەوە.