کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی چوار زیندانیی سیاسی لە قزڵحەسار

12:17 - 9 گەلاوێژ 2724

بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی دەنگی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ چوار زیندانیی سیاسی لە زیندانی قزڵحەسار بە ناوەکانی ڕەزا محەممەدحوسێنی، زەردەشت ئەحمەدی ڕاغێب، ڕەزا سەلمانزادە و مستەفا زەمانی ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ تا سێشەممە ٩ی گەلاوێژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و هەروەها وەکوو پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی زیندانییان لە زیندانی ئێڤینیش بەردەوام دەبن لە مانگرتن.

هەروەها ئەو زیندانییانە کە بەشێکن لە ئەندامانی کەمپەینی "سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدان"ن لە ڕۆژی دووشەممەوە تا سێشەممە لە یەکەی ٤ی زیندانی هاوبەشی ڕەجایی شار و قزڵحەسار لە بەردەم دەرگای بەندی زیندانییانی سیاسی مانیان گرت و داوای هەڵوەشاندنەوە و سەپاندنی سزای نامرۆڤانە لەسێدارەدانیان کرد.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو زیندانییانە لە مانگرتنی خۆیاندا درووشمگەلی وەکوو "نە لەسێدارەدان، نە سەرکوت، نە زیندانیکردن ڕێگەی نەجاتی ئێران نییە"، "تا هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان ئێمە ڕاوستاوین تا کۆتایی"، "ئازادی و دادپەروەری ڕێگەی نەجاتی میللەتە"، "ڕێژیمی سێدارە دەبێ بڕووخێت"یان وتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بە هاودەنگی لەگەڵ خەڵک لە دژی توندوتیژی، لەسێدارەدان و سەرکوت ڕادەوەستن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕۆژی دووشەممە بەرپرسی زیندانی قزڵحەسار لەگەڵ دوو بەڕێوەبەریی ناوخۆیی زیندان، چوونەتە ناو ساڵۆنی زیندانییانی سیاسی و هەوڵیان داوە ئەو پلاکارتەی کە لەسەر دیواری ژوورەکان هەڵواسرابوون و لە سەری نووسرابوو: "هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، پاراستنی مافی مرۆڤ و داواکارییەکانی دیکەی مرۆڤە" لێبکەنەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو چوار زیندانییە سیاسییە هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە کەمپەینی سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدان بەردەام دەبێ تاکوو بە یەکجاری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان ڕادەگیردرێ.

هەروەها پێشتریش لە چەندین زیندانی دیکە زیندانییان مانیان گرت و ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیاندا شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر ١٨ کەسدا لە چوار ڕۆژدا نیشانەی دەستبەکاربوونەوەی ماشینی کوشتاری ڕێژیمی ئێرانە.