ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک سەعدی جەهاندیدە ناسراو بە سەعدی ئاوارە کۆچی دوایی کرد.
کاک سەعدی ساڵی۱۳٤۰ی هەتاوی، لە نەغەدە لە دایک بووە و دواتر وێڕای بنەماڵەکەی هاتووەتە مەهاباد و لەو شارە گەورە بووە.
ناوبراو ساڵی ۱۳٥۷ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بووەتە پێشمەرگە لە هێزی شەهید پێشەوا سازمان دراوە و لە زۆربەری شارەکانی کوردستان وەکوو بۆکان، بانە و سەردەشت خەباتی کردووە.
کاک سەعدی ماوەیەکیش چاەدێری دەفتەری سیاسیی حیزب لە گاپیلون بووە و تاکوو ساڵی ١٣٦٦ پێشمەرگە بووە. ناوبراو لە مەهاباد کەسێکی خۆشناو بووە و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات ماوەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.