کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێوازی کۆکردنەوەی پاشماوە و زبڵەکانی شاری ئیلام کێشەی بۆ خەڵکی ئەو شارە دروست کردووە

02:36 - 10 گەلاوێژ 2724

شێوازی کۆکردنەوەی پاشماوە و زبڵەکانی شاری ئیلام بووەتە کێشەییەک بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە و ناڕەزایەتیی گشتیی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، شارەوانیی ئیلام لەکاتی خۆیدا پاشماوەکانی ئەو شارە کۆ ناکاتەوە و بەو هۆیەوە شەقام و ڕێرەوەکان پیس بوونە و ئەمە کێشەی ژینگەیی جیددیی بۆ شارەکە ساز کردووە.

بەپێی ئەم زانیارییانە نەبوونی زبڵدانی پێویست و جیانەکردنەوەی زبڵەکان و هەروەها ڕژانی ڕێژەیەکی زۆر لە زبڵەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاوی پاشماوەکان بڕژێتە سەر شەقام و ڕێرەوەکان و بۆنێکی ناخۆش لەنێو شارەکە دروست بکات.

جیا لەمانە گەڕان بە نێو زبڵەکان لەلایەن لێقەوماوان و بێ ماڵ و حاڵەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زبڵەکان و گوێنەدانی لایەنە پێوەندیدارەکان بەم پرسە قەیرانی جۆراوجۆری بۆ شارەکە ساز کردووە.

نەشۆردن و خاوێننەکردنەوەی زبڵدانەکان لەلایەن شارەوانیی ئیلامەوە یەکێکی دیکە لە کێشەکانە بە جۆرێک کە ئەم زبڵدانانە کاتێکیش کە بەتاڵن هەر بۆنێکی پیس لە خۆیان بڵاو دەکەنەوە و ئەمە بووەتە هۆی ئازاردانی خەڵکی شارەکە.

هاووڵاتییان لە شاری ئیلام چەند ڕۆژێکە سەبارەت بەم کێشە ناڕەزایەتیی خۆیان ئاراستەی شارەوانیی ئیلام کردووە بەڵام تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکە نەدۆزراوەتەوە.

شارەوانییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی ئێراندا ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆر لەژێر ناوی ماڵیاتە جۆراوجۆرەکان لە هاووڵاتییان وەردەگرن بەڵام هیچ کات ئەم پارانە بە دروستی و بە شێوەی گونجاو بۆ خزمەتگوزارییەکان بەکار نەبراوە.

شایانی باسە کە ساڵانە شارەوانییەکان بەشێکی زۆر لەم پارانە و هەروەها بوودجەی گشتیی وڵات بۆ ڕێوڕەسمە ئایینی و حکوومەتییەکانی وەک ماتەمینیی موحەڕەم و دەیەی بەناو فەجر، تەرخان ئەکەن.