کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانخانەی مانگی سووری کرماشان لە دۆخێکی ناڕووندایە

02:41 - 10 گەلاوێژ 2724

بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان، بە پشتبەستن بە بەدواداچوونەکان دوابەدوای بڕیاری وەزیری تەندروستی بۆ پێدانی مۆڵەتی کرانەوەی دەرمانخانەی مانگی سووری کرماشان وتی: بەداخەوە هێشتا ئەم مۆڵەتە سەرەڕای تێپەڕینی حەفتەیەک لەسەر بڕیاری پێدانی مۆڵەت لەلایەن وەزیری تەندروستی و جێگری ئیدارەی خۆراک و دەرمانه‌وه‌ دۆخی ناڕوونە.

 

محەممەدباقر محەممەدی وتی کە لە ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕەوە، وەزیری تەندروستی بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی بەپەلەی پارێزگای کرماشان بەم دەرمانخانەیە ڕازی بوو و وتی لەم حەفتەیەدا مۆڵەتی دەرمانخانەی مانگی سوور بۆ کرماشان دەدرێت، بەڵام سەرەڕای تەواوبوونی وادەی یەک حەفتەیی و ئەو بەدواداچوونانەی کە بە شێوەیەکی شەخسی لە تاران ئەنجامم داوە و نامەی وەزیرم بۆ جێگری وەزیری خۆراک و دەرمان بردووە ، تا ئێستاش هیچ وڵامێکیان سەبارەت بە دەرکردنی مۆڵەتی ئەو دەرمانخانەیە پێ نەداوم.

 

هەروەها محەممەدی دەرمانخانەی مانگی سووری بە پێویستییەکی گرینگی کرماشان و مافی خەڵک زانی و ئاماژەی بەوە دا: ئەم دەرمانخانەیە زۆر یارمەتیی نەخۆشەکانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دیکە دەدات تا بتوانن دەرمانەکانیان بە نرخێکی باشتر بەدەست بێنن و جگە لەوەش دەتوانرێت لە ڕێگەی دەرمانخانەی مانگی سوورەوە چەندین دەرمانی دەگمەن کە بەدەستهێنانیان ئەستمە دابین بکەن.

 

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە کرماشان تاکە پارێزگایە لە ئێراندا کە دەرمانخانەی مانگی سووری نییە، وتی: ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لە دانانی ئەم دەرمانخانەیە، نە لە ڕووی شوێنەوە و نە لە ڕووی بابەتی دیکەوە بەڵام وادیارە دەبێ هەر چاوەڕوان بین.

محەممەدی لە کۆتاییدا وتی کە لە ئێستادا تەنیا یەک ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکی لە کرماشان چالاکە کە ئەویش چالاکییەکانی سنووردارە و وڵامدەری ویستی خەڵک نییە.