کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری حەماس لە پێتەختی ئێران کوژرا

10:52 - 10 گەلاوێژ 2724

ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی حەماس بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ لە شوێنی مانەوەکەی لە تارانی پێتەختی ئێران کوژرا.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسماعیل هەنییە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی چوارشەممە لە نشینگەی تایبەتی "جانبازان"ی تاران بەهۆی هاوێژەرێک لە ئاسمانەوە کوژرا.

کاناڵی ئەلمەیادین سەبارەت بە چۆنییەتیی کوژرانی هەنییە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو بە مووشەکێک کوژراوە کە لە وڵاتێکی دیکەوە هاوێژرابوو.

سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە چۆنییەتیی ڕووداوەکە دواتر لە بەیاننامیەکدا بە ئاگاداریی هەمووان دەگەیەندرێت.

حەماس کە لەلایەن ئیسرائیل، ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە بە گرووپێکی تێرۆریستی دەناسرێت، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە بەشداریی هەنیە لە ڕێوڕەسمی تەحلیفی مەسعوود پزشکییان کردووە و ڕایگەیاندووە ئیسرائیل ناوبراوی کردووەتە ئامانج.

تا ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارەتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە هەرچەند کە ئیسرائیل پێشتریش هاوشێوەی ئەم چەشنە هێرشانەی بۆ سەر بەرپرسانی باڵای حەماس و حیزبوڵڵا بە شێوەی فەرمی لە ئەستۆ نەگرتووە.

هەنییە تەنیا ڕێبەرێکی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی نەبوو کە کوژرا، تەنیا چەند کاتژمێر پێش کوژرانی هەنییە، فواد شۆکر یەکێک لە ڕێبەران و باڵاترین فەرماندەی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە بەیرووت کوژرا.

ئیسماعیل هەنیەی تەمەن ٦٢ ساڵ، لە دەیەی ١٩٨٠ی زاینییەوە لە ئەندامانی دیاری حەماسە بەئەژمار دێت و لە ساڵی ٢٠٠٦دا لەلایەن تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینەوە وەکوو سەرۆکوەزیران دیاری کرا و دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا وەکوو سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی حەماس هەڵبژێردرا.

ئەم ئەندامەی دیاری حەماس لە ساڵی ٢٠١٨ لە لیستەی تێرۆریستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بووە.