کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵا لە هێرشی ئیسرائیل کوژرا

11:06 - 10 گەلاوێژ 2724

 

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فواد شوکر، فەرماندەی باڵای نیزامیی حیزبوڵڵا و بەرپرسی یەکەی ستراتێژیکی ئەم گرووپە، لە هێرشێکدا ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ لە بەیروت کوژرا، بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، فواد شوکر دەستی ڕاست و ڕاوێژکاری حەسەن نەسروڵڵا لە پلاندانان و ئاراستەکردنی عەمەلیاتە نیزامییەکان بووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە پێشینەی ئەم فەرماندە کوژراوەی حیزبوڵڵای لوبنان نووسیویەتی کە لە ٨ی ئۆکتۆبەرەوە بەرپرسیارەتیی هێرشەکانی حیزبوڵڵای بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەستۆ بووە و سەرەڕای بەرپرسیارەتی لە کوژرانی ١٢ منداڵ لە مەجدەل شەمس، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆریک لە شارۆمەندانی ئیسرائیلی و بیانیی کوشتبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەرتەشی ئیسرائیل، فواد شوکر وەک بەرپرسی یەکەی ستراتێژیکی حیزبوڵڵای لوبنان، بەرپرسی زۆربەی چەکە پێشکەوتووەکانی حیزبوڵڵا لەوانە مووشەک و مووشەکی دوورمەودا و دڕۆنی ئەم گرووپە بووە.

ساتێک پێش لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ باشووری بەیرووت، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''حیزبوڵڵا هێڵی سووری بڕیوە".

هەروەها وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، لەم هێرشەدا سێ کەس کوژراون و ٧٤ کەسیش بریندار بوون و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا بەردەوامە.

جێگەی ئاماژەیە لە فواد شوکر بەهۆی دەستێدابوونی لە هێرش بۆ سەر پادگانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ لەژێر چاوەدێریی ئەمریکادا بوو.