کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئیسرائیل مافی خۆیەتی لە بەرامبەر گرووپی تیرۆریستی حیزبوڵڵا بەرگری لە خۆی بکات

11:38 - 10 گەلاوێژ 2724

هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت و کوژرانی فواد شوکر، فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنان کە دەستی لە هێرش بۆ سەر بارەگای هێزی چەکداری ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٣ لە بەیرووتدا هەبوو، کاردانەوەی ئەرێنیی لە نێوان سیاسەتمەدارانی ئەمریکادا بەدوای خۆیدا هێنا.

لەم پێوەندییەدا کامێلا هەریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری پارتی دێموکرات وتی :"من بۆ بەرگری و دابینکردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل لە خۆی، بێ هیچ ئەگەر و بەڵامێک پشتگیریی دەکەم. ئیسرائیل مافی خۆیەتی لە بەرانبەر ڕێکخراوێکی تێرۆریستی کە ڕێک وەکوو حیزبوڵڵایە بەرگری لەخۆی بکات.

وێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیی "ئاسنین"ـی ئەمریکا لە ئیسرائیل، وتی: "ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی وەک حیزبوڵڵا دەبێتەوە و ئیسرائیل مافی تەواوی هەیە بەرگری لە خۆی بکات".

هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکاش کاردانەوەیان بەرامبەر بەم هێرشە هەبوو و هەموویان پێشوازییان لەو هێرشە کرد و سپاسی ئەرتەشی ئیسرائیلیان کرد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی فواد شوکر کە لە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی هێزی چەکداری ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٣ لە بەیرووتدا هەبوو کرد.

ئەو ئەندامانە بریتین لە مایک واڵتز ئەندامی کۆماریخواز، ئانتۆنی دیسپۆزیتۆ نوێنەری کۆماریخواز، تێد باد سیناتۆری کۆماریخوازەکان و مارک دوبۆیتز سەرۆکی دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان لە واشنگتۆن کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەیان بەو هێرشەی ئەرتەشی ئیسرائیل کردووە و هەروەها باسیان لە ڕۆڵی شوکر لە هێرشی ساڵی ١٩٨٣ لە بەیروت کرد، کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ٢٤١ سەربازی ئەمریکای کوژران و ١٢٨ کەسیان بریندار بوون. هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئێمە بە هۆی بەڕێوەبردنی ئەو دادپەروەرییە دژی ئەو تێرۆریستان سپاسی ئیسرائیل دەکەین.