کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی سەنعەتی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران

14:10 - 10 گەلاوێژ 2724

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا پێنج کەس و حەوت شیرکەتی لە ئێران، چین و هۆنگ کۆنگ، بەتۆمەتی دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ بەرنامەی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەم شیرکەتانە پارچەی جۆراوجۆر لەوانە خێراپێوەر و ژیرۆسکۆپ کە لە بەرنامە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن، دابین کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی دارییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی: ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستپێڕاگەیشتن بە بەشە گرینگەکانی مووشەک و دڕۆن هەروا لە پەرەپێدان و ناردنی چەکوچۆڵ بۆ هێزە نیابەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیە بەردەوامە.''

برایان نێلسون، جێگری خەزینەداریی ئەمریکا لە کاروباری تێرۆریزم و زانیاریی دارایی، وتی: '' پەرەپێدانی بێباکانەی مووشەکی بالیستیک و دڕۆنی ئێران، مەترسیی ناسەقامگیری زیاتر دەکات و هەم لە ناوچەکە و هەم لە سەرانسەری جیهان هەڕەشە لە گیانی خەڵکی مەدەنی دەکات.''

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ئەمریکا بەسەر ئەو کەسانەی کە ئاسانکاری بۆ توانایی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چەکە کوشندانە دەکەن، تێچووی قورس دەسەپێنێت .

ئەو کەس و شیرکەتانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بریتین لە: شیرکەتی گەشەی تێکنۆلوژیی ''شەوە درەوشاوەکانی پێکەن''، محەممەد عەبدوڵڵاهی بەڕێوەبەری بازرگانی و بەرپرسی تەداروکاتی شیرکەتی ''پێشەی ئیڵکترۆ ئۆپتیک سائێران''، حەمید جەوار بەرپرس و بەڕێوەبەری شیرکەتی ''پیشەی ئێلکترۆنیکی پارس''، شیرکەتی ''ئازموون پژووهان حێسگەر''، شیرکەتی چینی ''شێنژن ڕیون.''