کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی

14:22 - 10 گەلاوێژ 2724

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە نێوخۆی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری بانە، بنەماڵەی چەند کەس لە چالاکانی سیاسی، بانگی ئیتلاعاتی گشتیی ئەم شارە کراون.

لە ڕۆژانی دووشەممە و سیشەممەی ئەم حەفتەیەدا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی پیوەندیی تلفۆنییەوە بۆ بنەماڵەی چالاکانی سیاسی داوایان لێ کردوون کە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانیان بۆ نێوخۆی کوردستان بدەن یان ژمارە تلفۆنەکانیان ڕادەستی ئەم ناوەندانە بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون زۆر بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حەسەن واژی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی ئێران، بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە و هەڕەشەی توندیان لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ گرووپێک لە هێزەکانی ئیتلاعات پێکهاتوو لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان کە لە تارانەوە هاتبوونە ئیتلاعاتی پیرانشار، بە بانگکردنی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حەسەن واژی بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، سەبارەت بە چالاکییە سیاسییەکانی حەسەن واژی لە دەرەوەی ئێران، بە چڕی لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

ەندامانی ئەم بنەماڵەیە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر سەبارەت بە چالاکییەکانی حەسەن واژی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لێپرسینەوەیان لێ کردوون و پێیان وتوون ئەم بانگکرانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی ئەمنییەتیی نێوان عێراق و ئێراندایە و تێچووی درێژەکێشانی چالاکییەکانی حەسەن واژی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ئێران و خودی حەسەن واژی لە هەرێمی کوردستان، قورس دەبێ.