کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس

14:24 - 10 گەلاوێژ 2724

کوژرانی ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس لە تاران و تەنیا چەند کاتژمێر پاش بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعوود پزشکییان و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەر و کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی، کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە.

مووسا ئەبوومەزرووق بەرپرسی پێشووی نووسینگەی سیاسیی حەماس، کوشتنی هەنییەی بە هەوڵێکی ترسنۆکانە لە قەڵەم دا و هەڕەشەی وڵامدانەوەی لە ئەنجامدەرانی کردووە.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم کاردانەوەی فەرمییدا وتی: "خوێنی ئیسماعیل هەنییە بە فیڕۆ ناروات".

کەنعانی زیادی کردووە "شەهیدبوونی برای موجاهد، ئیسماعیل هەنییە لە تاران، پێوندییە قوڵ و پتەوەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و فەلەستین و مقاومەت بەهێزتر دەکات".

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە یەکەم کاردانەوە بە کوشتنی هەنییە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە ئەنجامی ئەم کارە سزایەکی قورسی بۆ خۆی پێک هێنا و تۆڵەکردنەوەی کوشتنی ناوبراو کە لە چوارچێوەی خاکی کۆماری ئیسلامییدا ڕووی داوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین.

ئەمیرعەلی حاجیزادە فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا و پاش کوژرانی هەنییە لە هەڕەشەیەکدا ڕوو لە ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئامادە بن تاکوو پێتان نیشان بدەین کە ڕشتنی خوێنی میوانی ماڵی ئێمە چ تاوانێکی دەبێت".

حاجیزادە ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوان هێشتا خەمبار و ماتەمباری کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودسن.

حیزبوڵلای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا وێڕای مەحکوومکردنی کوشتنی هەنییە ڕایانگەیاندووە کە هاوکات بە پشتیوانیکردن لە حەماس پێداگریی لەسەر بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن.

جیا لە کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی، تاڵەبان، وەزیری دەرەوەی تورکیە و وڵاتی قەتەر بە مەحکوومکردنی کوشتنی هەنییه و سەرەخۆشیکردن لە فەلەستین، کاردانەوەیان نیشان دا.

هەروەها میخایل بوگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسییە کوشتنی هەنییەی بە کوشتنێکی سیاسی و ڕێگەپێنەدراو لە قەڵەم دا و زیادی کرد کە ئەمە دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

 

لە بەرامبەردا و لە یەکەمین کاردانەوەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە کوژرانی ڕێبەری حەماس لە پێتەختی ئێران، ئامیخای ئێلیاهوو وەزیری میراتی کولتووریی ئیسرائیل لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "ئەمە ڕێگەیەکی دروستە بۆ خاوێنکردنەوەی جیهان لە خراپییەکان".

مایک واڵتز ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا خەڵکی غەززە لە هەژاریدان، ئیسماعیل هەنییە میلیۆنها دۆلاری لە ڕێگەی کەلوپەلی قاچاخەوە بۆ غەززە بەدەست دەهێنا".

واڵتز سەبارەت بە کوژرانی ناوبراو لە تاران زیادی کردووە کە تەنانەت سپای پاسدارانیش نەیتوانی کە بیپارێزێت.