کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی تێکۆشەر و حیزبدۆست لە گوندی قاسملوو

18:58 - 15 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕ، ژنە تێکۆشەرێکی کوردستان بەناوی پوورە بەگی ئیمامی خەڵکی گوندی قاسملوو سەر بە ناوچەی ورمێ بەهوی نەخۆشییەوە کوچی دوایی کرد.

پوورە بەگی یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و ئازایانە بوو کە لە حیزبدۆستی و پێشمەرگە خۆشەویستی سیمایەکی ناسراوی گوندی قاسملوو بوو.

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، پوورە بەگی وەک ژنێکی تێکۆشەر و پێشەنگ ژن و کچانی گوندی قاسملووی هان دەدا بۆ نانکردن و دروستکردنی خواردن بۆ مەقەڕی حیزب لەو گوندەدا و ماڵەکەی هەموو کات دەرگای بەرەڕووی پێشمەرگەدا کراوە بوو.

لەکاتی پەلاماری هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر گوندی قاسملوو، ناوبراو ژنەکانی ئەو گوندەی هان دەدا بە دار و بەرد هێرش بکەنە سەر جاش و هێزەکانی سپای پاسداران .

پوورە بەگی جێگەی ڕێزی تایبەتی لاوانی شۆڕشگێڕی ناوچەی گەلی قاسملوو بوو و گەورەترین ئاواتی ژیانی ڕزگاریی کوردستان و وەدیهاتنی ئاواتی شەهیدان بوو.

تەرمی پیرۆزی پوورە بەگی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا لە گۆڕستانی قاسملوو بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.