کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ورمێ

11:51 - 16 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣ مامۆستا مەلا عوسمان تابان کادری بەشی کومەڵایەتیی کۆمیتەی شارستانی حیزبی دێموکرات لە ورمێ و پێشنوێژی گوندی شێبان لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەهوی ڕاوستانی دڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا عوسمان تابان، ناسراو بە مەلا عوسمان شێبانی لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

مامۆستا هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، بەوپەڕی دڵسوزییەوە ئەرکە پێ ئەسپێرداوەکانی لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە بەڕێوە دەبرد.

ناوبراو لەنێو حیزب و خەڵکی ناوچەی ورمێ جێگەی ڕێز و حورمەت بوو.

لە ساڵی ١٣٦٣ مامۆستا لەسەر ئیزنی حیزب بە هۆی هەندێک گیروگرفتەوە چووە نێو بنەماڵەکەی لە گوندی شێبان و لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ پێشنوێژیی بۆ خەڵک دەکرد.

مەلا عوسمان هەر وەک جاران وفادار بە حیزب و ئامانجەکانی مایەوە، قەت سەری بۆ کۆماری ئیسلامی نەوی نەکرد و حورمەتی خۆی و بنەماڵە، حیزب و گەلەکەی پاراست.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.