کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی ئاسانکارانی دابینکردنی چەک بۆ حوسییەکان

11:01 - 11 گەلاوێژ 2724

ئەمریکا دوو کەس و چوار شیرکەتی بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ دابینکردنی چەک بۆ میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن تەحریم کرد.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پێرسۆنێلی تەداروکات، ئاسانکارانی گواستنەوە و دابینکەرانی جێگیر لە یەمەن و چینی کردووەتە ئامانج کە ئامێری دوو مەبەستە بۆ بەکارهێنان لە سیستمی پێشکەوتووی چەکی حوسییەکان دابین کردووە.

شیرکەتی ''موتەحید ئەلشەهاری'' یەکێک لەو شیرکەتانەیە کە بنکەکەی لە سەنعای پێیتەختی یەمەنە کە سزای خراوەتە سەر؛ دەوترێت ئەم شیرکەتە بۆ کاروباری ڕاگواستن پشتی بە نووسینگەیەک لە شاری گوانگژۆی چین بەستووە.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، بازرگانێکی یەمەنی بە ناوی ماهر یەحیا محەممەد موتەهاری تەحریم کردووە کە لەگەڵ دەستوپێوەندییەکانی دیکەی حوسییەکان بۆ ئاسانکاریکردنی گواستنەوەی ئامێر و پێکهاتەکانی دوو مەبەستە، هاوکاری کردووە.

حوسییەکان دوای دەستپێکی شەڕی غەززە، هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، ئەوەش وای کرد زۆرێک لە شیرکەتە کەشتیوانییەکان ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و هەروەها بووە هۆی ئەوەیکە ئەمریکا و هاوپیمانەکانی کاردنەوەی تۆڵەئەستێنانە نیشان بدەن.

لە بەیاننامەی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکادا هاتووە، ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە ڕاستەوخۆ پشتگیریان لە هەوڵەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ دەستخستنی کەرەستەی سەربازی لە وڵاتانی دەرەوە کردووە کە دواتر ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن کراون.