کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠٠ بنەماڵە لە شاباد هێشتا چاوەڕێی ڕادەستکردنی خانووەکانیانن

20:50 - 11 گەلاوێژ 2724

دوای چوار ساڵ، نزیکەی ٤٠٠ بنەماڵەی خەڵکی شاباد سەر بە کرماشان، هێشتا چاوەڕێی ڕادەستکردنی خانووەکانیان لە پڕۆژەی مەسکەنی مێهرن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئیرنا''، نزیکەی ٤٠٠ بنەماڵەی خەڵکی شاری شاباد لە ساڵی ١٣٩٨ـەوە و لە درێژەی پڕۆژەی مێهردا چاوەڕوانی ڕادەستکردنی خانووەکانیان لە گەڕەکی شەرف ئابادی ئەم شارە بوون.

ئەم ٤٠٠ بنەماڵە قیستی سەرەتایی ٤٠ میلیۆن تمەنیان بۆ دروستکردنی خانووەکانیان لە ساڵی ٩٨دا داوە، بەڵام بەرپرسانی پڕۆژەی مەسکەنی مێهر لەم شارەدا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەوەی ئەو بنەماڵانە ببنە خاوەنی خانوو نەگرتووەتە بەر.

دامەزراوەی مەسکەن و هەروەها ئیدارەی ڕێگاوبان و شارسازیی ڕێژیم لە شاباد لە قەبووڵکردنی بەرپرسیارییەتی خۆیان بەدوور گرتووە و یەکتر بە بەرپرسیار لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەزانن و بە کردەوەش هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر بۆ ئەو داواکارانە ناگرنەبەر.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوبەری گشتیی بونیادی مەسکەنی کرماشان وتوویەتی: ''ئەم پڕۆژەیە هیچ پەیوەندییەکی بە بونیادی مەسکەنەوە نییە و  لە ئەستۆی بەرپرسانی بەشی ڕێگاوبان و  شارسازییە، هەروەها پارێزگاری شاباد بە هەمان شێوە لە وڵامدانەوە بە کێشەکانی خەڵک خۆی بواردووە.

وادە ناڕاستەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم ناڕەزایەتیی داواکارانی پڕۆژەی مەسکەنی مێهر لە شابادی لێکەوتووەتەوە و سەرەڕای داواکاریی دووبارە تا ئێستا بی ئاکام ماوەتەوە.