کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: ئێران لە حاڵی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ناوکیی پێشکەوتوودایە

11:11 - 20 گەلاوێژ 2724

بەپێی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، دوایین هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەریدەخات کە ئێران لە ئێستادا لە پرۆسەی دروستکردنی چەکی ناوکیدا نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو ئەنجام دەدات کە توانای بەرهەمهێنانی چەکی لەو جۆرە زیاد دەکات.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ بڵاوی کردەوە، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندووە کە دەستەی هەواڵگریی ئەمریکا هێشتا پێیان وایە کە ئێران لە ئێستادا هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوکی نادات.

بەڵام بەپێی ئەم ڕۆژنامەیە، بەڕێوەبەری هەواڵگریی میللیی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی مانگی ڕابردوودا بۆ کۆنگرە، هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هێندێک چالاکیی ئەنجام داوە کە پێگەیەکی باشتری بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی دروست کردووە، ئەگەر بڕیاری دا ئەو کارە بکات.

ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ئێران لە پیتاندنی ٦٠ لەسەدی کە ئەمەش زۆر نزیکە لە پیتاندنی ٩٠ لەسەدی کە بۆ دروستکردنی چەک پێویستە، بەردەوامە.

هەواڵی لێکۆڵینەوە پێشکەوتووەکانی ناوکیی ئێران لەحاڵێکدا بڵاو کراوەتەوە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا بە تایبەت دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، پەرەی سەندووە و تاران و ئیسرائیل هەڕەشەی توند لە یەکتر دەکەن.

لە ڕاپۆرتی واڵ ستریت ژۆرناڵدا زۆر باس لە وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوە پێشکەوتووە ناوکییەکانی ئێران نەکراوە، بەڵام کارناسان باسیان لەوە کردووە کە هۆکاری گۆڕانکاری لە هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەندازیاریی بەرفراوان لە ساڵی ڕابردوودا لە ئێرانە.

 بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، نیگەرانییەکان بەتایبەتی سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی ئێران لە بوارەکانی مۆدێلکردنی کامپیوتێر و مێتالۆرژیدایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دروستکردنی چەکی ناوکی هەیە.