کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامێکی باڵای حەماس لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان

11:31 - 20 گەلاوێژ 2724

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسێکی باڵای چەکداریی حەماس لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە لوبنان کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕویتێرز، ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ، لەم هێرشەدا سامر ئەلحاج، بەرپرسێکی ئەمنیی حەماس کە لە کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە نزیک عەینەلحلوە کاری دەکرد، کوژرا.

لە دە مانگی ڕابردوودا و هاوکلات لەگەڵ شەڕی غەززە، سپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەندامانی حەماس و حیزبوڵڵا و لایەنە چەکدارەکانی دیکە لە لوبنان.

ئەم گروپانە بە هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە لە سەراسەری سنوورەوە باکووری ئیسرائیل دەکەنە ئامانج.

لەکاتێکدا زۆربەی شەڕەکان لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بووە، هێرشەکانی ئیسرائیل کە بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵا و حەماس و گرووپەکانی دیکەی کردووەتە ئامانج زیادتر لە باکوور ڕوویان داوە.