کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە لەسێدارەدان لە ئێراندا نیشان دا

12:05 - 20 گەلاوێژ 2724

فولکر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ڕەوتی لەسێدارەدان لە ئێراندا وتی: ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لانیکەم ٢٩ کەسیان لە سەرانسەری ئێراندا لە ماوەیەکی کەمدا لە سێدارە داوە.

 ناوبراو زیادی کرد کە لەسێدارەدانی ئەو کەسانە لە ماوەیەکی کورتدا زۆر جێی نیگەرانییە و ئاماژەی بەوە دا کە لە مانگی ڕابردوودا ٣٨ کەسی دیکەش لە سێدارە دراون.

هەروەها فولکر تورک ئاماژەی بەوەش کرد، کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەمساڵدا لەسێدارە دراون بەپێی ڕاپۆرتەکان، لانیکەم گەیشتووەتە ٣٤٥ کەس کە ١٥ کەسیان

ژن بوون.

ناوبرا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد ئەوانەی کە لە سێدارە دراون زیاتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان یان کوشتن سزا درابوون و نزیکەی نیوەی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤وە جێبەجێ کراون.

 فولکر تورک هەروەها ڕایگەیاند کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیگەرانیی زۆر لەبارەی پابەند نەبوون بە ڕێسا و پێوەرەکانی دادڕەسی و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ئێراندا هەیە، و چەندین کەس بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و پارێزەرەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون، و بۆ ئەم حاڵەتە دەتوانین ئاماژە بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی ناڕازی تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان و پەیڕەوی ئایینی یارسان بکەین.

شایانی باسە کە ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە کەمینە نەتەوەییەکان وەکوو کورد، عەرەبی ئەهواز و بەلووچ بە ڕێژەیەکی زۆر لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێرن.

فولکر جەختیشی لەوە کردەوە: کاتی ئەوە هاتووە ئێران بچێتە پاڵ ئەو کۆدەنگییە کە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان هەیە.

 

شایانی باسە دوایین ئامارەکان دەریدەخەن کە دوای هەڵبژاردنی مەسعوود پزشکییان، ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ داوای هەوڵێکی یەکلاکەرەوە لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەن .