کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن ڕایگەیاند ئامادەین وڵامی هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بدەینەوە

12:55 - 20 گەلاوێژ 2724

پاتریک ڕایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پنتاگۆن"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەلعەرەبیە، جەختی لەوە کردەوە کە هێزی سەربازی زیاتر بۆ پێشگرتن لە هەر هێرشێکی ئێران یان هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون.

بە وتەی ڕایدەر، ئەمریکا نایەوێت پەرە بە گرژییەکان بدات، بەڵام ئامادەیە وڵامی هەر چەشنە هێرشێک بداتەوە.

هەروەها وتی کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەینولئەسەد دەرخەری هەڵسوکەوتی ناسەقامگیرکەرانەی ئێرانە و واشنگتۆن مافی خۆیەتی وڵام بداتەوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە واشنگتۆن بڕی ٣.٥ میلیارد دۆلار بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل دابین دەکات. ئەم بڕە پارەیە چەند مانگ دوای پەسەندکردنی لەلایەن کۆنگرەی ئەمریکاوە  لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و غەززە ئازاد کرا .

هەروەها پێشتر سی ئێن ئێن بڵاوی کردەوە کە ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای زیادکردنی بوودجە بۆ ئیسرائیل لەلایەن کۆنگرەوە پەسەند کرابوو.

دوای پەرەسەندی گرژییەکانی نێوان ئێران و هێزە نیابەتییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا و هەڕەشەکردنی ئیران لە ئیسرائیل، ئەمریکا پشتیوانیی خۆی لە ئیسرائیل بەرانبەر ئەو هەڕەشانە نیشان داوە.