کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی لە شاری شنۆ بەڕێوە چوو

12:56 - 20 گەلاوێژ 2724

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراو لە شاری شنۆ، کۆمەڵێک کەسانی بەهەست و ژینگەپارێزی ئەو شارە لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا دەستیان بە خاوێنکردنەوە و دروستکردنی سرویسی بێهداشتی لە دوو شوێنی گەشتیاریی ئەو شارەدا کردووە.

لەم ڤیدیۆیانەدا دەردەکەوێت کە چەند کەسێکی بەهەست و ژینگەدۆست بەشێوەی خۆڕسکانە لە شوێنە گەشتیارییەکانی "چیمەنەکانی پووشاوێ و سەیرانگای پردی ئایشێ خانم" سەرەتا زبڵ و پاشماوەکانیان کۆ کردووەتەوە و پاشان بە تێچووی خۆیان سرویسێکی بێهداشتییان بۆ گەشتیاران چاک کردووە تاکوو پێش بە پیسبوونی ژینگەی ناوچە ئاماژەپێکراوەکان، بگرن.

بەرپرسیارەتی تاکی کورد بەنیسبەت ژینگەی کوردستان بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا وای کردووە کە ئەم چەشنە هەڵمەتانە زیاتر ببیندرێت و سەرەڕای گرینگەنەدانی لایەنە پێوەندیدارەکانی دەسەڵات بەم پرسە، خەڵکی ژینگەدۆستی کوردستان خۆڕسکانە لە هەوڵی پاراستنی ژینگە و سروشتدا بن.