کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی: وڵامدانەوە بە ئیسرائیل خەسار بە وتووێژەکانی ئاگربەست ناگەیەنێت

16:46 - 20 گەلاوێژ 2724

نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە وڵامدانەوە بە ئیسرائیل سەبارەت بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، هیچ پێوەندییەکی بە ئاگربەست لە غەززەوە نییە.

هاوکات لەگەڵ خولی نوێی وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دواکەوتنی وڵامدانەوە بە کوشتنی ڕێبەری حەماس ڕایگەیاند کە هیوادارە وڵامدانەوە بە ئیسرائیل بە شێوەیەک و لەکاتێکی گونجاودا بێت کە خەسارێک بە وتووێژەکانی ئاگربەستەکە نەگەیەنێت".

ئەمیر سەعید ئیرەوانی حەفتەی ڕابردوو لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپشتبەستن بە ماددەی ٥١ی جاڕنامەی ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندبوو کە وڵامی بەهێز و بەپەلە مافی کۆماری ئیسلامییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

لەئێستادا و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە کوشتنی ڕێبەری حەماس لە تاران، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەکانی نەبردووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی تێلێگراف لە زاری کەسانی نزیک لە مەسعوود پزشکییانەوە ڕایگەیاندووە، سەرۆککۆماریی ڕێژیم پێشنیاری کردووە کە بۆ تەشەنەنەسەندنی گرژییەکان لەم کاتەدا، لەجیاتی ئیسرائیل هێرش بکرێتە سەر ناوەندە پێوەندیدارەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان یان وڵاتی ئازەربایجان و پێش ئەنجامی هێرشەکەیش وڵاتەکان ئاگادار بکرێنەوە.

کۆماری ئیسلامی پێشتریش چەند جارێک بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، بە بیانوو و تۆمەتگەلێکی بێبنەما هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش هۆشدارییەکانی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە وڵامدانەوە بە کوشتنی هەنییە و هێنانی ژمارەیەکی زیاتر فڕۆکەی شەڕکەر بۆ ناوچەکە، ڕەنگوبۆنی هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئیسرائیل بەرەبەرە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات.