کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان لە کرماشان ٢٠ هێندە زیادی کردووە

16:48 - 20 گەلاوێژ 2724

فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەی کرماشان ڕایگەیاند کە ڕادەی ئاگرکەوتنەوە لەم پارێزگایە ٢٠ هێندە زیادی کردووە.

ئەسغەر ئاغاز فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەی کرماشان وێڕای ئاماژەدان بە زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەکان لە کرماشان وتی: لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ تا ئێستا، ٢٠ ئاگرکەوتنەوە بە ڕووبەری هەزار و ٩٠٠ هێکتار ڕووی داوە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردوو لە هەمان کاتی دیاریکراوی ئەمساڵدا، ٤ ئاگرکەوتنەوە لە ڕووبەری ٩٠ هێکتار لە کرماشان ڕوویدابوو و لە ئەمساڵدا ئەو ڕێژەیە ٢٠ هێندە زیادی کردووە.

شایانی باسە زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە لە کرماشان ڕوویان داوە لە ناوچەی بۆزین و مەرەخێڵ، بێستوون، قەڵاجە، برنجان و قەراوێز بووە.

فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەی کرماشان وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوەکانی دیکە تا مانگی خەزەڵوەر وتی کە: ٩٠٪ی ئەو ئاگرکەوتنەوانە هۆکاری مرۆڤیی لە پشتە.

زۆرینەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بەئەنقەست لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان و بەتایبەت دارستانەکانی زاگرۆس بەردەدرێن و بە یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان و زاگرۆس دادەنرێت کە ساڵانە چەند هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگاکان بەو هۆیەوە لەناو دەچن.